كۆمپانیای پاكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سلێمانی كە بە شێوەیەكی فەرمی گرێبەستی هەیە لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، لە ئێستادا كار بە منداڵان دەكات وەك (كرێكاری پاككردنەوە)، رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت كە كرێی كاركردنیان كەم بێت، بۆ ئەم مەبەستەشیان ئامادەنین جل و بەرگی تایبەتییان بۆدابین بكەن ولۆگۆ و ناوی كۆمپانیاكەی لەسەر بێت.
بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق و پەیماننامەی مافەكانی منداڵان، كاركردن بە منداڵان قەدەغەیە:
* بەپێی یاسای وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، سزای هەر كەس و لایەنێك دەدرێت كە كار بە منداڵ بكات یان ببێتە هۆی ئیشپێكردنی منداڵ، سزاكەیشی لە نێوان پێبژاردن و وەستاندنی مۆڵەتی خاوەن كارەكە یان راگرتنی ئیشەكەیە.
* بەپێی یاسای بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە، هەركەسێك ئیستیغلالی كەسێك بكات، لە نێویاندا منداڵان سزاكەی لە نێوان زیندانیكردن و پێبژاردندایە.
* بەپێی یاسای كاری عێراقی، منداڵانی خوار 15 ساڵ كاركردن پێیان بەتەواوەتی قەدەغەیە، بۆ منداڵانی نێوان 15-18 ساڵانیش بە پێی مەرج و چاودێری و چەند پیشەیەكی دیاریكراو رێگە پێدراوە و سزاشی بۆ سەرپێچیكارن داناوە.
* بەپێی پەیماننامەی مافەكانی منداڵان، هەموو ئەو وڵاتانەی واژۆیانكردووە، رازیبون بە پاراستنی منداڵان لە ئیستیغلالكردنی ئابووری و بەكارنەهێنانی منداڵان لەو ئیشانەی كە زیانیان پێدەگەیەنێت لە روی تەندروستی، گەشەی جەستەی، هۆشیاری، مەعنەوی و كۆمەڵایەتییەوە.
نازانم چاودێری نییە، لێپرسینەوەنییە، تێچوەكەی كەمترە یان چی؟ چۆن شارەوانی سلێمانی رازی دەبێت بەوەی كۆمپانیایەك كە گرێبەستی لەگەڵدا بێت وخۆشی لایەنی چاودێر بێت بەسەر كارەكانی كۆمپانیاكەوە، كەچی رۆژانە منداڵ بەكاربهێنن وەك (كرێكاری پاككردنەوە).
ئەگەر چاودێری نییە، رەنگە بڵێن خەتای حكومەتە وەك پێویست موچە نادات، ئەمەیان پاساوێكی لاوازە.
ئەگەر لێپرسینەوە نییە، ئەی بۆچی لە گەڕەكە هەژار نشینەكان و كەسانی ئاسایی رۆژانە هەواڵی لابردن و روخاندنی زیادەرۆی دەبینین.
ئەگەر تێچوەكەی كەمترە یان شایستە داراییەكانیان وەك پێویست نەداوە بە كۆمپامیاكە، بۆیە چاوپۆشی لێدەكەن، ئەمەیان ئاو بێنەو دەست بشۆ.