دەربارە
پەیك میدیا بۆ؟ بۆچی هەبوونی گرنگە؟

بەداخەوە لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا دەتەوێت دەست بۆ هەرشتێك بەریت، قسە لەسەر هەر شتێك بكەیت، تا ئاستی ئەوەی بیر لە هەر شتێكە بكەیتەوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بارگاوی دەبیت بە سیاسەت، لەئێستادا دوو (لایەن) كایە كۆمەڵایەتییەكانیان پەراوێزخستووە كە ئەوانیش بریتین لە (سیاسەت و تۆڕە كۆمەڵاتییەكان)، ئەوەش بۆتە یەكێك لەهۆكارەكان كە بەجۆرێك دۆخی كۆمەڵگە بەرەو لێكترازان و پەرتەوازەیی بردوە كە پێمان وایە لە چەند ساڵی ئایندەدا بەتەواوی بەر كاریگەرییە خراپەكانی دەكەوین.

لەئێستادا ئێمە هەموومان جگە لە خراپی و بەرەو خراپتربوونی دۆخی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەكەمان دەچین هاوكات شتێكیش نەماوە بەناوی هونەر و كلتور و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی، ئەمە جگە لەوەی سیاسیە باڵادەستەكان دەستیان ناوەتە بینەقاقای دەنگی ئازاد و دۆخێكی هێندە گوماناوییەكان بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا پەخش كردوە، شتێكیان نەهێشتۆتەوە بەنێوی متمانە، ئەوەشە وەها دەكات بڵێن بەداخەوە (دۆخی كۆمەڵگەی كوردی بۆتە ئەو فەرشە ڕزیوەی كە لە هەر سوچێكەوە دەستی دەدەیتێ بەدەستەوە دەپروێت).

هەرچەندە ئەو قسانەی لەسەرەوە باسمان كردن نابێتە ئەوەی مرۆڤ بێ‌ هیوا ببێت و لە سوچێكی ماڵەكەیدا دەست لەسەر ئەژنۆ دابنیشێت و نەتوانێت هیچ بكات، ئەو هیوابوونەش وەهای كرد ئێمە وەك كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس لەو سۆنگەیەوە و بە دروشمی (پاراستنی شكۆی كۆمەڵگە)، هاوكات بە پاڵپشتی هەموولایەك بمانەوێت لەڕێگەی (پەیك میدیا)وە، كاری جدی لەسەر تەواوی برینەكانی جەستەی كۆمەڵگەی كوردی بكەین و بتوانین ببینە مایەی كەم تازۆری ساڕێژ بوونی ئەو برینانە، ئەمە جگەی لەوەی ئێمە هەبوونی چەندان گەناڵی دیكەی كۆمەڵایەتی بە پێویست دەزانین تاوەكو تاكی كوردی بگەڕێنینەوە سەر خودی خۆی و بتوانین ببەینە بەشێك لە ڕێگریكردن لە داروخانی كایە كۆمەڵایەتییەكان.

ستافی پەیك میدیا داواكارە لە هەموولایەك، پەیك میدیا بە ماڵی خۆیان بزانن و هاوكارمان بن لە پەنجە خستنە سەر هەموو ئەو برینانەی كە ئێستا جەستەی نیشتمانی تەنیووە، دەتوانن لەڕێگەی ژمارە مۆبایلی ( 07501800170) لەڕێگەی واتساپ و فایبەر و تیلگرام یاخود ئیمەڵی پەیك میدیا ( [email protected])، یاخود لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تایبەت بە پەیك میدیاوە ئەو زانیارییانەمان بۆبنێرن كە دەبنە برینی دیكە بەسەر جەستەی كۆمەڵگەوە تاوەكو پێكەوە كاریان لەسەر بكەین، پەیك میدیا هەمیشە ماڵێكە بۆ هەموومان.

زانكۆ سەردار
خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری (پەیك میدیا)