لە بارەی تەنكی ئاوی قوتابخانەكانەوە هۆشداری دەدرێت
پەیك میدیا
رێكخراوێكی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان، لە لەبارەی تەنكی ئاوی قوتابخانەكانەوە هۆشداری دەدات و ئاماژە بەو دەكات، پێویستە پێش دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن تەنكییەكان پاكبكرێنەوە.
ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، لەڕێگەی پەیامێكەوە بۆ هەریەكە لە وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر ناوی (با لەخەمی تەندرووستی نەوەكانمان بین) ڕایدەگەیەنێت، پێش كردنەوە و دەستپێكردی پڕۆسەی خوێندن، هەڵمەتی پاككردنەوەی تەنكی قوتابخانەكان دەست پێبكرێت.
لە پەیامەكەی ئەو ڕێكخراوەدا كە كۆپیەكی بۆ (پەیك میدیا) نێردراوە هاتووە "داواكارییەك بۆ بەڕێزان، وەزیری پەروەردە، وەزیری تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان، هەمووان دەزانین بەرەو كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەچین، لە ئێستاشدا مەترسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی، هەیە لە شارەكانی كوردستان، كە زۆرترین مەترسیش لەسەر منداڵانە".
دەڵێت"بۆیە داواكارین پێش كردنەوە و دەستپێكردی پڕۆسەی خوێندن، هەڵمەتی پاككردنەوەی تەنكی قوتابخانەكان دەست پێبكرێت، بە هاوبەشی شارەوانی و تەندرووستی و پەروەردەكان و كۆمپانیاكانی پاككردنەوە".
پەیامی ئەو رێكخراوە لە كاتێكدایە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باس لە مەترسییەكانی بڵاو بونەوەی نەخۆشی كۆلێرا دەكات و هاوكات داواش دەكات، هاولاتیان بەهەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن لە توشبوون بەو نەخۆشییە.
|