بیرۆکەیەکی سادە بۆ هەڵمەتی بە دارستانکردنی ڕێگاکانی دەرەوەی شار
پەیك میدیا،ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
بیرۆكەكە بریتییە لە دابینكردنی كۆمەڵێك نەمام بە شۆفێران، بەتایبەتی شۆفێرانی بارهەڵگر و پاسی مەودای دوور، یا ئەو پارەیەی بەناوی ژینگە و ڕێگاو بان لە شۆفێرانی وەردەگرێت، نەمامەكان، لە شوێنی دیاریكراودا بچێنرێت (بۆ نموونە ئەو شوێنانەی شۆفێران بۆ حەوانەوەی كاتی لێی دەوەستن، یا نزیك مزگەوتی سەرجادەكان، یا دووكان و مارێتەكان، هتد).
بە تابلۆیەك لە نزیك نەمامەكان بنوسرێت، "ئەوە دارێكە، بوەستە ئاوی بدە"، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەركەسێك بە ڕێگاكەدا تێدەپەڕێت بزانێت دارەكان لە كوێن و بەڵكو ئەوانیش ئاوی بدەن.
ئەو شۆفێرەی كە هەمیشە بە هەمان ڕێگادا تێدەپەڕێت كاتێك دارێك دەچێنێت، ڕۆژانە دەتوانێ نەمامەكە ببینێت و ئاوی بدات و خزمەتی بكات و چاودێری بكات تا گەورە دەبێت، ئەو كاتە دوور لە حكومەت بە هیمەتی هەمووان زۆرترین شوێن سەوز دەبێت.
ساڵانی پێشوو چەند حاڵەتێكی وا لە كوردستان هەبوو بە تایبەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، كۆمەڵێ مامۆستا لە كاتی چونیان بۆ دەوام چەند نەمامێكیان چاندبوو سەرەتای ساڵ، دواتر ڕۆژانە ئاویان دەدا و خزمەتیان دەكرد.
ئەمە تەنها بیرۆكەیەكە و دەكرێ تاقیبكرێتەوە، كەسیش نەڵێ ئەمە بۆ لەسەرشانی هاوڵاتیان، لەبەر ئەوەی پاراستن و پاكڕاگرتن و زیادكردنی ژینگە ئەركی سەرشانی هەمووانە، دەكرێ لە داهاتوودا، ئەم بیرۆكەیە بە شێوەی زانستی و بەرنامەیەكی تۆكمە كاری لەسەر بكرێ.
|