توركیا، تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا نزیكەی حەوت هەزار هێكتار زەوی زیانی پێگەیشتووە
پەیك میدیا
وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا شەش هەزار و 900 هێكتار زەوی بەهۆی ئاگرەوە زیانی بەركەوتووە.
ئیبراهیم یوماكلی، وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا لەبارەی كەوتنەوەی ئاگر و زیانەكانی لە وڵاتەكەیدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوە ئێستا، هەزار و 22 رووداوی ئاگركەوتنەوە روویداوە و لە سەرانسەری توركیاشدا نزیكەی شەش هەزار و 900 هێكتار زەوی زیانی بەركەوتووە.
یوماكلی باسیلەوەش كردوە، تەنیا لە پێنج هەزار و 800 هێكتاری ئەم رووبەرەدا 18 رووداوی ئاگركەوتنەوە روویداوە و دەڵێت" لەو 18 رووداوەشدا 17 یان لە رۆژانی 10-18 تەمووز روویداوە".
ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمی توركیا لەبارەی لێدوانەكەی وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیاوە نوسیویەتی، بەمەبەستی بەشداری كردن لە بەرنامەیەكدا لە شاری كۆنیا، یوماكلی سەردانی شارەكەی كرد و بەشداری لە دروێنەی گەنمی جۆر-1252 كرد كە لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی سەربە وەزارەتەكەی لە ناوچەی باغركورت پەرەی پێدراوە.
وەزیری كشتوكاڵ و دارستانی توركیا یوماكلی وتوشیەتی"ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر كاریگەر بوون لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەی دارستان و زیانەكانی بە بەراورد بە ساڵی رابردوو".
|