داوا دەكرێت ئەوانەی ئاو بەفیڕۆ دەدەن رێكاری توندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر
پەیك میدیا
هاوڵاتییەكی شاری سلێمانی داوا دەكات، ئەو كەسانەی ئاو بەفیڕۆ دەدەن رێكاری توندیان لەبەرامبەر بگیرێتە بەر و لەبەرامبەریشدا هاوڵاتییەكی دیكە باسلەوە دەكات قفڵی ئاوی گەڕەكەیان ماوەیەكی زۆر شكاوە و لایەنی پەیوەندیدار نەیتوانیوە چارەسەری بكات.
دارا بینایی، هاوڵاتییەكی شاری سلێمانییەو لەگەڵ بڵاو كردنەوەی چەندوێنەیەكدا لە هەژماری خۆی لەژێر ناوی (رەحمەت لەو كەسەی ئەم پۆستە دەنێرێت بۆ بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی) دەڵێت"ئەوەی لە وێنەكە دەیبینن، گەڕەكی كارێزەوشك 114كۆڵانی ئێمە، كۆڵانی 23 بەرامبەر فەرعی مزگەوتی شفیق بەگ، سەرو وێنەگری دیلمانە، كۆڵانی ئێمە سێ ڕۆژ جارێك دوو كاتژمێر ئاو دێتەوە، لە كاتژمێر 5بۆ 7ی بەیانی".
بینایی نوسیویشیەتی"نیو كاتژمێر دوای بەردانەوەی ئاوەكە، ژنانی كۆڵانی ئێمە دەست دەكەن بە شوشتنی بەردەرگا، فلتەری جگەرەیەك لەوێ بێت، بە ئاوەكە چەند مەتر ڕای دەماڵن، بۆیە هەموو جار كۆڵانی ئێمە دەبێتە لافاو، هەرچی پاشماوەی خۆڵ و خاشاكە ڕای دەماڵێتە سەر شەقامەكە، تا ئاوەكە دەگیرێتەوە، ئەو ئاوە جوانە بە فیڕۆ دەڕوات و بەو شەقامەدا دەڕواتە خوارەوە تا دەگاتە قوتابخانەی بەهیە مەعروف".
ئەو هاوڵاتییە دەشڵێت"خۆزگە بەرپرسانی حكومەت و فەرمانگەی شارەوانی و ئاوی سلێمانی ئیجرائاتێكی توند لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەن، كە ئەو ئاوە پاك وجوانە بەفیڕۆ دەدەن، خۆزگە لەكاتی بەردنەوەی ئاو بۆ ماڵان تیمێك پێكبهێنن، بەو كۆڵانانە بگەڕێن، ئەوانەی ئاو بە فیڕۆ دەدەن غەرامەیەكی زۆریان بكەن، ئەمە یەكەم جار نیە ئەم دیاردە ناشرین و ناشارستانیە دەخەمە ڕوو، بەڵام بەرپرسان تاقەتیان نیەو خۆشیان بە لێپرسراو نازانن".
لەبەرامبەریشدا هاوڵاتییەكی دیكە بەناوی (محەمەد حەسەن)، لە كۆمێنتێكدا بۆ دارابینایی نوسیوە" لەوانەیە ئاگادار نەبیت قوفڵی لای ماركێتی هێمن (دوكانی مامۆستا عوسمان) زۆر دمێكە شكاوە، بەداخەوە كە هیچ كەس ولایەنێكی پەیوەندی دار نایەت بۆ چارەسەركردنی".
|