من و کتێب
سوارە نەجمەدین
سوارە نەجمەدین
لەم نیوە تەمەنەی خۆمدا، نزیکەی بیست و پێنج ساڵە بەندە سەروکارم لەگەڵ کتێبدا هەیە، بیرمە لە پۆلی چواری سەرەتایی بە کاریگەری کاکم ئاشنای کتێب بووم، بۆ ئەوکاتە بۆ یەکەمینجار دیوانی گۆرانم خوێندەوە، لەو دیوانەدا لە بەشی وەرگێڕانەکەیدا زۆر سەرسامی چوارینەکانی خیام بووم، ئەوەندەم ئەو بەشە خوێندەوە، بە ئێستاشەوە زۆری ئەو چوارینانەم ڕەوانە.
بۆیە دوای ماوەیەک ڕووم لە کاکم ناو داوام لێکرد، کۆی چوارینەکانم بۆ پەیدا بکات، وابزانم لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم، ڕۆژێک کاکم هاتەوە و کتێبێکی بچوکی بۆ هێنامەوە، وتی: لە کتێبخانەی بەستە کاتێک بە کاک زۆرابم وتوە برا بچوکەکەم تەمەنی دوانزە ساڵە و داوای چوارینەکانی خیام دەکات، وتویەتی نیمانە بۆ فرۆشتن، بەڵام کۆپییەکی وەرگێڕانی کاک ئەحمەد شاڵیم هەیە، خێزانەکەی پێیان داوم و بۆ فرۆشتن نییە، مادام بەو تەمەنەوە سەرەسامی خیامە پێی دەدەم.
بۆ من هەر لە سەرەتاوە دنیای ئەدەبیات، پانتایی خوێندنەوەی من بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە قۆناغی دواتردا خۆم نەپاراستووە لە خوێندنەوەی کتێبی دیکە، بە تایبەت کتێبی ئابووری، چیرۆکی خوێندنەوەی من بۆ کتێبی ئابووری، چیرۆکێکی تەنزە، هەر بەهۆی کاکمەوە خولیایی دنیای نووسین بووم، بەو پێیەی کاکم لە بواری ئابووری و سیاسەتدا دەینووسی.
ئەوکات گۆڤاری ئابووری هەبوو، گەر لە ژمارەیەکدا دوو بابەتی هەبایە، دانەیەکیانی بەناوی منەوە دەکرد، واتە ناوی منی لەسەر بابەتەکە دەنووسی، منیش بۆ ئەوەی لەنێو هاوڕێکانمدا خۆم هەڵکێشم، کە نیشانیان بدەم، پێیان بڵێم باسی چی دەکات، ناچار بووم چەند جارێک بابەتەکەی خۆم بخوێنمەوە، کە کاکم نووسی بووی، ئینجاش زۆر لێی تێنەدەگەیشتم، بۆیە ناچار بووم هەم روو لە کاکم بنێم بۆم شیبکاتەوە، هەم هەندێک کتێبی ئابووری بخوێنمەوە، لەم دەرگایەوە هاتمە نێو دنیای نووسینەوە.
ئەو خۆهەڵفشان و خۆهەڵکێشانە کردمی بە بنووس، تا ئەوڕۆکە جگە لە وتار و چەند تێکستێکی ئەدەبی، پێنج کتێبم نووسیوە، جا نازانم بە پێنج کتێب دەبم بە نووسەر یان نا، نازانم ئەو کتێبانە بەکاری خوێندنەوە دێن، یان هەر پەڕە ڕەشکردنەوەن، ئەو بڕیارە لای ئەوانەیە کە کتێبەکانی منیان خوێندۆتەوە، بەڵام من بۆ خۆم، نەک هەر کەیفم پێیان دێت، بگرە وەک بەشێک لە جەستەم دەیانبینم، چۆن لای نووسەر کتێب شتێک نییە لە دەرەوەی جەستەی بەڵکو بەشێکە لە ماهییەتی نووسەرەکەی. ئەندامێکی جەستەیە وەک دڵ یان گەدە، بەشێک وەک یەکێک لە هەستەکان.
|