پۆلیسی سۆران لە سەر رووداوی كوشتنی دوو ژنەكە هاتە دەنگ
كۆونەوەی هاوڵاتیان لەبەردەم ماڵی دوو ژنە كوژراوەكە
پەیك میدیا
پۆلیسی سۆران ڕایدەگەیەنێت، تۆمەتباری رووداوی كوشتنی دوو ژنەكە خۆی ڕادەست كردوە و لێكۆڵینەوەكانیش لە رووداوەكە دەستی پێكردوە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی تەمموزی 2023، هاوڵاتییەكە كە خاوەنی حەوت منداڵ بوو لە یەككاتدا هەردوو هاوسەرەكەی خۆی بە چەكی جۆری تاپڕ لە كاتی خەودا كوشت، لەو بارەیەشەوە پۆلیسی قەزای سۆران لە ڕیگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ڕادەگەیەنێت" ئەمرۆ رێكەوتی 29ی 7 ی 2023 كاتژمێر 9:30خولەكی بەیانی ئاگادار كراینەوە كەوا دوو ئافرەت بەهۆی بەكار هێنانی چەك بەرامبەریان گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیس لە ڕاگەیەنراوەكەدا دەڵێت"دەست بەجێ ئەفسەری ئێشكگری بەشی پۆلیسی ناوشار لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەر گەیشتە شوێنی روداو، بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی بەشی پۆلیسی بەڵگەو تاوانی سۆران هەردوو تەرمەكان گواسترانەوە بۆ پزیشكی دادی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران".
دەشڵێت"تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران كرد بەشی پۆلیسی چالاكی مەدەنیەكانی سۆران، لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەر بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی بەندكراوە."
پۆلیسی سۆران ئاماژە بەوەش دەكات، ئەم هاوڵاتیە هیج سكالایەكی یاسای لای ئەوان لەسەر تۆمار نەكراوە.
|