26 هەزار كەس بەهۆی ئاگری دارستانەكانی ئیسپانیا ئاوارە بوون
پەیك میدیا
ئەندامێكی ئەنجوومەنی دوورگەكانی كەناریا، بە دەزگای ڕاگەیاندنی ناوخۆیی RTVCی ڕاگەیاندوە، بەهۆی ئاگرەكەی تێنیریفیەوە تێكڕا 26 هەزار كەسیان گواستووەتەوە.
كاندیلاریا دیلگادۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی دوورگەكانی كەناریا لەو لێدوانە رۆژنامەوانییەدا لەبارەی كەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەكانی وڵاتەكەی ئاماژەی بەوە داوە، كارەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكانی دوورگەی تێنیریفی و گواستنەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی مەترسی لەسەرە بەردەوامە.
هاوكات بەرپرسانی وڵاتەكە باس لەوە دەكەن كە لە 15ی ئابەوە تا ئێستا، پێنج هەزار هێكتار زەوی كە گەورەترین پاركی سروشتیی دوورگەی كەناریاشیان لەنێودایە سووتاوە.
هەر لەبارەی كەوتنەوەی ئەو ئاگرە زۆرەی تێنریفی ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەوەی خستۆتەڕوو، هاوكات بەرپرسانی كەشناسی تێنیریفی باس لەوە دەكەن كە چاوەڕوان دەكرێت بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما درێژە بكێشێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو كەسانەی لە ناوچەكە دەگواسترێنەوە ڕوو لە زیادبوون بكات.
ئاژانسەكە دەڵێت"بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەكانی دارستان، پێدرۆ مارتینێز، ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا دوورن لەوەی ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكەن و هەموو كارێكیان كردووە بۆ ئەوەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە زیانی گیانییان نەبێت".
سەرۆكوەزیرانی ئیدارەی سەربەخۆی دوورگەكانی كەناریا، فێرناندۆ كلاڤیجۆ، لە لێدوانەكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند: دوێنێ شەو بارودۆخی كەشناسی زۆر توند بوو، ڕەشەبا و گەرما و هەلومەرجەكان لەسەرو پێشبینییەكانمانەوە بوو، كە بوونە هۆی ئەوەی ئاگرەكە تەشەنە بكات بۆ باكوور.
|