ئێران داوای هاوكاری لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات
پەیك میدیا
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران بڵاویكردەوە، باڵیۆزی وڵاتەكەی لە بەغدا لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان كۆبۆتەوە و لەبەرامبەر پۆسی هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان داوای هاوكاری كردوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمی ئێران كە ئەمڕۆ شەممە 5ی ئابی 2023 بڵاوی كردۆتەوە، هەریەكە لە (محەمەد كازم سادق) باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و (جینین پلاسخارت) نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆبونەتەوە و باڵیۆزی ئێران جەختی لە پێویستی هاوكار كردۆتەوە لەبەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
هەر بە پێی هەواڵی ئاژانسەكە پلاسخارت لەو دیدارەدا باسی لە سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ تاران كردووە و بە ئەرێنی وەسفی كردوە، هاوكات داوای هاوكاری زیاتری ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانی كردوە.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەرۆكایەتی شاندێكی نەتەوە یەكگرتوەكان سەردانی تارانی كرد، لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ئێرانی بە سەرۆكایەتی حسێن ئەمیر عەبدولاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبوەوە.
|