جیهان

پاش نۆ ساڵ بەسەر كارەساتی شەنگالدا بەریتانیا بە فەرمی ئەو كارەساتە بە جینۆساید دەناسێنێت

پەیك میدیا


وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی بەریتانیا ئەمڕۆ بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت كە ساڵی 2014دا داعش خەڵكی ئێزدی جینۆساید كردووە و جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەو بڕیارە پابەندبوونی ئەوان بەهێزتر دەكات.

 
لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی بەجینۆساید ناساندنی ئەو كارەساتەی بەهۆی چەكدارانی داعشەوە ڕوو بەڕووی ئێزیدییەكان لە ساڵە 2014دا بوەوە، ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەفەرمی كارەساتەكەی وەك جینۆساید ناساند.

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت"نۆ ساڵ لەمەوبەر، خەڵكی ئێزدی لەسەر دەستی داعش تووشی نەهامەتیی گەورە بوون و كاریگەرییەكانی تا ئەمڕۆش هەستیان پێدەكرێت. دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانكاران بۆ ئەو كەسانە گرنگن كە ژیانیان وێران بووە".

دەشڵێت"ئەمڕۆ دانپێدانانێكی مێژووییمان كرد بەوەی كە كردەوەی جینۆساید لە دژی خەڵكی ئێزدی ئەنجامدراوە. ئەم بڕیارە پابەندبوونی ئێمە بەهێزتر دەكات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوان قەورەبووی شایستە وەردەگرنەوە و بە دادپەروەرییەكی واتادار دەگەن".

هێرشی 3ی ئابی 2014ی داعش بۆسەر شنگال
 
لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش كوردانی ئێزدی كۆمەڵكوژ كرد و هەزاران كەسیشی رفاند. تاوەكو ئێستا 2713 كوردی ئێزدی بێسەروشوێنن كە 1270 كەسیان ژن و 1443 كەسیان پیاون. 

بەهۆی هێرشەكەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 كەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەكانی باشووری كوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچبەری وڵاتان بوون.

لە هێرشەكەدا نزیكەی پێنج هەزار كەس كوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایك و باوك بوون.
 
هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 كەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 كەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەكو ئێستا سێ هەزار و 554 كەسیان ئازادكراون، كە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی كچ و 957 منداڵی كوڕ هەن.
 
دوای هێرشەكانی داعش تاوەكو ئێستا، 83 گۆڕی بەكۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاكە كەسیی ئێزدییەكان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.

س، رووداو


12