ئەمەریكا، پڕۆژەیاسایەك بە ناوی ژینا ئەمینی پێشكەشی ئەنجوومەنی پیران دەكرێت
وێنەی ژینا ئەمینی بەدەست خۆپیشاندەرانەوە
پەیك میدیا
ماركۆ روبیو، سیناتۆر (ئەندامی ئەنجوومەنی پیران)ی كۆمارییەكان و ئەڵێكس پادێلا، سیناتۆری دیموكراتەكان، پڕۆژەیاساكەیان بە ناوی (یاسای ژینا ئەمینی بۆ لێپرسینەوە لە ئاسایش و مافی مرۆڤ) بە مەبەستی سزادانی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئێسلامی ئێران پێشكەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكایان كردووە.
دەنگی ئەمەریكا لەبارەی پرۆژە یاساكەوە بڵاوی كردۆتەوە، ئەگەر پڕۆژەیاساكە پەسەندبكریت، سەرۆكی ئەمەریكا پابەند دەبێت بەوەی هەرسێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە و كەسە نزیكەكانیان لە دژی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران ئەنجامدەدرێن، ئاراستەی كۆنگرێس بكات.
هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو، بە گوێرەی پڕۆژەیاساكە سزاكانی پەیوەست بە (تیرۆر، پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەرنامەی چەكی ئەتۆمی، بەسەر رێبەری كۆماری ئێسلامی ئێران، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە و كەسە نزیكەكانیاندا دەسەپێندرێن.
بە ووتەی ئەو سیناتۆرانەی ئەمەریكا، بە شێوەیەكی سیستەماتیك مافەكانی مرۆڤ لە ئێران پێشێلدەكرێن، ئەو وڵاتەی بە "سپۆنسەری تیرۆر" ناودەبەن و بە پێویستی دەزانێت ئەمەریكا دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بەو سزا ئابوورییانەدا بكات كە بەسەر بەرپرسە باڵاكانی ئێراندا سەپاندوونی.
"دوای كوشتنی ژینا ئەمینی بەشێوەیەكی دڕندانە، خۆپیشاندەرە ئێرانییەكان ئازایەتی و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر رژێمی ئێستای ئێران نیشاندا و پێویستە ئێمەش رۆڵمان هەبێت لە لێپرسینیەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئێران كە دەستیان هەیە لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، چاودێریكردن و هەراسانكردنی هاووڵاتییان" سیناتۆری دیموكراتەكان ئەڵێكس پادێل وای ووتوە.
ئەو پرۆژە یاسایە لە كاتێكدایە، بۆ جاری یەكەم بیرۆكەی ئەم پڕۆژەیاسایە، مانگی یەكی ئەمساڵ داوی تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر كوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن سیناتۆری كۆمارییەكان جەیمس بانكس و سیناتۆری دیموكراتەكان ئێرێك سوالۆیلەوە پێشكەشكرابوو.
ژینا ئەمینی 22 ساڵ، رۆژی 13ی ئەیلوولی ئەمساڵ بەبیانووی رەچاونەكردنی باڵاپۆشی، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئێرانەوە دەستگیراكرا و دوای سێ رۆژ تەرمەكەی رادەستی بنەماڵەكەی كرایەوە، كوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە كاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و بۆ ماوەی چەند مانگێك خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی ئێران بەردەوام بوون.
|