جیهان

پەیك میدیا، ووردەكاری یاساكەی بەریتانیا بۆ پەنابەران بڵاودەكاتەوە

پەیك میدیا، نەبەز بازیانی -بەریتانیا


درەنگانی شەوی ڕابردوو حكومەتی بەریتانیا توانی پرۆژەیاسای كۆچی نایاسایی لە وڵاتەكەی دا بە سەر بەربەستەكانی لۆردەكاندا تێپەرێنێت كە لە ماوەی ڕابردوودا بەربەستی گەورەیان لەبەردەم پرۆژەكەی حكومەت دروست كردبوو، ئەمرۆش سێشەممە پەرلەمانی بەریتانیا پرۆژە یاساكەی پەسەند كردوو بەمەش پرۆژەكە بوو بە یاسا، بەو پێیەش، لەمەبەدواوە، هەركەسێك بە بەلەم و بەڕێگەی نایاسایی و قاچاخ بگاتە نێو خاكی بەریتانیا لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەكرێت و دیپۆرت دەكرێتەوە.


پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە مشتومڕی گەرمی بەدووای خۆی داهێناوە، بە جۆرێك لەلایەن ڕێكخراوە خێرخوازیەكان و گروپەكانی پشتیوانی پەناخوازان بە "ڕۆژێكی تاریك" وەسفكراوە.

نائۆمی سمیس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی بانگەشەی ئینتەرناسیۆنالیستی بێست بۆ بەریتانیا، وتی: ئەم پڕۆژە یاسایە مامەڵەیەكی دڕندانەیەو ئێستا گڵۆپی سەوز دەداتە حكومەت بۆ سەرپێچیكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ پەنابەران.

بەپێی بۆچونی سمیس ئەم هەنگاوە بۆیە نراوە تاهەموان سەرقاڵ بكەن لە شكستی خۆیان لە چارەسەرنەكردنی ئەو كێشانەی كە دروستیان كردبوو كاتێك حكومەت نەیان توانیووە ڕێگایەكی سەلامەت بۆ پەناخوازان بدۆزنەوە تابگەنە خاكی بەریتانیا.

لەلایخۆشیانەوە، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، ئەو یاسایەی بەریتانیا، كە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەكەوە تێپەڕێندراوە و چاوەڕێی پەسندكردن لەلایەن شا چارڵسی سێیەم، شای بەریتانیا دەكات؛ "لە دژی پابەندییەكانی وڵاتەكەیە لە یاسای نێودەوڵەتیی مافەكانی مرۆڤ و پەنابەرێتی و كاریگەریی دەخاتە سەر ئەو خەڵكەی پێویستییان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە." 
 
هەروەها ئاماژەش بەوە كراوە كە “ئەم یاسایە ئەو چوارچێوە یاساییە لەنێودەبات كە تاوەكو ئێستا خەڵكێكی زۆری پاراستووە و بە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی، پەناخوازان دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە." 

بەگوێرەی یاساكە، هەموو ئەو كەسانەی بەشێوەیەكی "نایاسایی" بەرەو بەریتانیا كۆچدەكەن، دیپۆرتی وڵاتێكی ئارامی سێیەمی وەكو رواندا دەكرێن بۆ ئەوەی رێگە لە پەنابەریی نایاسایی بگرن. 

 لای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووەكە ژمارەی هاتنی بەلەم بچووكەكان ڕێژەی پەنابەری بەریتانیای "زۆرتر" كردووە و ڕۆژانە 6 ملیۆن پاوەندی تێچووی باجدەرانی وڵاتەكە،بۆ دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ پەناخوازان. 

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا باس لەوەش دەكات”بەتەنها لەساڵی 2022دا سەروو 45 هەزار كۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچووكەوە خۆیان بە نۆكەندی ئینگلیزییدا گەیاندووەتە كەناراوەكانی ئینگلاند، ئەوەش بەراورد بە ساڵی 2018، 60٪ زیادیكردووە، بۆیە بەسادەی ڕایدەگەیەنین كەئەمە چیتر بەردەوامی نابێت و ڕادەگیرێت.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە جێبەجێكردنی پرۆژە یاسایی كۆچی نایاسایی لە بەریتانیا لەمەوپاش، ئەگەر خەڵك بزانن هیچ ڕێگەیەك نییە بۆ مانەوەیان لە بەریتانیا، ئەوا ژیانی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە و بڕێكی زۆری پارە ناخەنە دەست قاچاخچیەكانەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نایاسایی بگەنە بەریتانیا. بۆیە لەمەوپاش ئامانجی گەورەمان ئەوەیە، بەلەمەكان بوەستێنین و مۆدێلی بازرگانی باندە قاچاخچیەكان بشكێنین كە خەڵكی لاواز دەگوازنەوە بە ناو مەترسی دەریادا بۆ وڵاتەكەمان، لە كۆتاییدا حكومەت توانای زیاتری هەبێت بۆ دابینكردنی پەناگەیەكی سەلامەت بۆ ئەو كەسانەی كە مەترسی شەڕ و گۆشەگیرییان لەسەرە".


12