جیهان

تویتەر، ژمارەی ئەو تویتانە سنووردار دەكات كە پیشانی بەكارهێنەران دەدرێت

پەیك میدیا، هێمن عەبدوڵا


ئیلۆن ماسك ڕایگەیاند، تویتەر بۆ ماوەیەكی كاتی ژمارەی ئەو تویتانەی كە پیشان دەدرێن سنووردار دەكات و ئاماژە بەوەش دەكات، بەپێی جۆری ئەكاونتەكە، ئەو كاپییە (بەم زووانە) بەرزدەكرێتەوە بۆ 8 هەزار تویت.


ئیلۆن ماسك، خاوەنی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە سەرمایەدارێكی ئەمەریكی-كەنەدییە لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا لەبارەی هۆكاری سنورداركردنی ئەو تویتانەی كە بەكاردەهێنرێن ئەوەی خستەڕوو، سەدان ڕێكخراو (ڕەنگە زیاتریش) بە ڕێژەیەكی زۆر داتا لە تویتەر كۆدەكەنەوە كە بەكارهێنانی ئاسایی تێكداوە و ئەوەش بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی كۆكردنەوەی زانیاری و دەستكاریكردنی سیستەمەكانە.

بە ووتەی ماسك بەپێی جۆری ئەكاونتەكە، ئەو كاپییە (بەم زووانە) بەرزدەكرێتەوە بۆ 8 هەزار تویت و لەوبارەیەشەوە ووتی"ناتوانرێت تویتەكان بخوێنرێتەوە بەبێ بەستنەوەی پەیوەندییەكە و دابینكردنی ناسێنەرەكان".

بە سنوورداركردنی ژمارەی ئەو تویتانەی كە دەتوانرێت بخوێنرێنەوە، ماسك هەوڵدەدات ڕێگری بكات لەم ڕێكخراوانە لە كۆكردنەوەی بڕێكی زۆر لە زانیاری كە بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی AIی درووستكەر بەكاردەهێنرێن.

ماسك جەختی لەوە كردەوە، نزیكەی هەموو ئەو كۆمپانیایانە كە لە بواری زیرەكی دەستكرددا كاردەكەن، لە كۆمپانیا دەستپێشخەرەكانەوە تا گەورەترین گروپەكانی جیهان، بڕێكی زۆر داتا كۆدەكەنەوە".

لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، پلاتفۆرمی گفتوگۆی Reddit ئەو ڕێژەیەی بەرزكردەوە كە لە گەشەپێدەرانی لایەنی سێیەم وەردەگرێت بۆ بەكارهێنانی داتا و گفتوگۆكان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەدا بڵاوكراونەتەوە.


12