عێڕاق

بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە سودانی ڕێگە چارە دەدۆزێتەوە

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق

پەیك میدیا


جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدراوەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و سودانیش جەخت لە نەرمی نواندن لەو پرسە دەكاتەوە.


شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 19ی ئابی 2023 ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا (محەمەد شیاع سودانی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشنیازی كردووە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان نەرمی بەرامبەر ئەو بڕە پارەیە بنوێنن كە دادگەی پاریس بۆ قەرەبووكردنەوەی عێراق دەستنیشانی كردووە.

شاخەوان عەبدوڵا لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەش كردوە، لە كۆبوونەوەكەدا دەسەڵات دراوەتە سوودانی تاوەكو ئەو پرسە یەكلایی بكاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بكرێتەوە و دەشڵێت"ئەو بڕە پارەیەی دادگەی پاریس دیاریكردووە بۆ ئەوەی توركیا وەكو قەرەبوو بیداتەوە عێراق، كێشەیەكی لەنێو كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دروستكردوە و سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، ئەگەر بمانەوێت بە لۆژیكی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەین، دەبێت نەرمی بنوێنین". 
 
وتوشیەتی"لە كۆبوونەوەكەدا دەسەڵات بە سەرۆكوەزیرانی عێراق درا رێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دەستبكرێتەوە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە".
 
دادگاكە لەسەر سكاڵای عێراق لەدژی توركیا بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەكردنی نەوتی كوردستان راگیرا، ئەو پارەیەی دەبێت توركیا وەك قەرەبوو بیداتە عێراق ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلارە.


12