عێڕاق

بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر سزای زیندانیكردنی هەتاهەتای بەسەردا سەپێنرا

پەیك میدیا


ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئەوە ئاشكرا دەكات، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر بازرگانێكی مادەی هۆشبەردا سەپێنراوە.


بە پێی ڕاگەیەنراوەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق كە ئەمڕۆ یەكشەمە بڵاوی كردەوە، دادگای تاوانەكانی زیقار، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بۆ بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر بە تاوانی بازرگانیكردن و فرۆشتی ماددەی هۆشبەر دەركردووە و دەڵێت"ئەو كەسەی كە بە زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادراوە، پێشتر بە بە یەك كیلۆ و 765 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری "ئەمفیتامین" دەستگیركرابوو".

ئەو ڕاگەیەنراوە لە كاتێكدایە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق، لە ساڵی 2022، زیاتر لە 14 هەزار كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و قاچاخیكردن بە مادەی هۆشبەر، دەستگیركراون كە 500 كەسیان ژن و مێرمنداڵ بوون.

سزاكە بەپێی ماددەی 28 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان ژمارە (50) بۆ ساڵی 2017 دەركراوە، هاوكات لە ماددەی 28 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكاندا ئاماژە بەوەكراوە هەر كەسێك لە عێراق، بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە بكات، ئەوا بە لەسێدارەدان یان زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزا دەدرێت.


12