سودانی: هەرچی زووە دەبێت باڵیۆزی سوید خاكی عێراق بەجێبهێڵێت
محەمەد شیاع سودانی
پەیك میدیا
وتەبێژی وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا سویدییەكان ڕادەگرێت و جەخت لەوەش دەكات، هەر جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا یاساغە.
وەك كاردانەوەیەكی توند لەبەرامبەر دووبارە سوتاندنەوەی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقییەوە لە سوید، وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئەوەش دەخاتەڕوو، لەسەر هەموو فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق قەدەغەكراوە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا سویدییەكان بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا (محەمەد شیاع سودانی) سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی عێراقی راسپارد، بۆ ئەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم بكشێنێتەوە و جەختی لەوەش كردۆتەوە هەرچی زووە دەبێت باڵیۆزی سوید خاكی عێراق بەجێبهێڵێت".
ئەو بڕیارانەی عێراق بەرامبەر وڵاتی سوید لەكاتێكدایە، پەنابەرێكی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیكا بۆ دووەم جار لەماوەی مانگێكدا قورئانی پیرۆزی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە سوتاند.
|