عێڕاق

كێشەی جوتیارانی كوردو توركمان لە كەركووك گەیەنرایە بەرپرسانی باڵای عێراق

پەیك میدیا


فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ نوێنەری جوتیارانی كوردو توركمان لە كەركووك، بە مەبەستی چارەسەری گرفتی زەوی و زار سەردانی بەغدایان كرد و چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.


بەپێی ڕاگەیەنراوی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە بڵاوی كردۆتەوە تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، لەیەكەم وێستگەی سەردانەكەدا،  رۆژی یەك شەمە ٩ی تەمموز، فەهمی بورهان و جوتیارانی كەركوك لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق (د. لەتیف رەشید) ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە"سەرۆك كۆماری عێراق داوای لە جوتیارانی كەركووك كرد، دان بەخۆیاندا بگرن و هەوڵ بدەن ئارامی و ئاشتی نێوان پێكهاتەكان بپارێزن تا بەئارامی كێشەكان چارەسەر بكەن و ئاماژەی بەوەدا كە بەردەوام دەبێت لەبەدواداچون بۆ ئەو پرسە".

ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"هەر لەكۆبوونەوەكەدا بەڕێز سەرۆك كۆمار ڕێنمایی بە لایەنە پەیوەندیدارەكاندا كە بە پێی دەستور و مادەی 140ی دەستور كێشەی زەوی و زار چارەسەر بكەن و پەنا نەبرێتە بەر توندوتیژی چونكە بەوە كێشەكان قوڵتر دەبن نەك چارەسەر".

هاوكات، فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانیەكان و نوێنەری جوتیارانی كەركووك لەگەڵ هەریەكە لە (هادی عامری) سەرۆكی لیژنەی جێبەجێ كردنی مادەی 140 ی دەستور و وەزیری كشتوكاڵی عێراق و (ئەحمەد فەتلاوی) سەرۆكی دەستەی هەماهەنگی پارێزگاكان كۆبۆوە.

ڕاگەیەنراوەكە ئەوە دەخاتەڕوو، لەكۆبونەوەكاندا پرسی جێبەجێ كردنی مادەی 140 دەستور و كێشەو گرفتەكانی جوتیارانی ناوچەكە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەركردایەتی شۆڕشیان تاوتوێكرد.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، بڕیارە وەفدەكە هەر بەغدا چەند دیدارێكی دیكەی ئەنجام بدەن و داوای وەرگرتنی بڕیاری مۆڵەتدان بەدەستكردنەوە بە كاری كشتوكاڵی و  چارەسەر كردنی ڕێگریەكان دەكەن، پاشان كۆتایی بە مانگرتن و خێوەتەكە  بهێنن.


12