عێڕاق

فێڵەكەی مەلیك فەیسەڵ

مەجید ساڵح


ساڵی ١٩٢٦ دوای ئەوەی كوردستان بەفەرمی خرایە سەر عیراق، ئینگلیسەكان داوایان لە مەلیك فەیسەڵ كرد بۆ دڵنەوایی میللەتی كورد سەردانی شارە كوردییەكان بكات، یەكێك لەو شارانی كە سەردانی كرد هەولێر بوو.


 والاس لاین ئەفسەری بریتانی لە بیرەوەرییەكانیدا دەگێڕێتەوە پێشتر زۆر هەوڵم دابوو قوتابخانەیەكی گەورەتر لەو شارە بكەمەوە، بەڵام هەمیشە وەزارەتی دارایی بەبیانووی نەبوونی بودجە رێگەی نەدەدام.

هاتنی مەلیك فەیسەڵ فورسەتێكی باش بوو، كاتێك بۆ مەسەلەكەم بۆ بەرپرسی ئاوەدانكردنەوەی عێراق باس كرد، كە ئەفسەرێكی ئینگلیزی بوو بە ناوی ولیام، یەكسەر دانیشت و لە زەوی بەرامبەر بینای سەرای حكومەت نەخشەی قوتابخانەیەكی داڕشت و بە عەرەبی لەسەر تابڵۆیەك نووسی "بەدەستی موبارەكی حەزرەتی مەلیك فەیسەڵ لە كاتی سەردانی بۆ هەولێر دروست كراوە"، كە مەلیكم بینی و مەسەلەكەم بۆ باس كرد خواخوای بو رۆژی دواتر مەراسیمی دانانی بەردی بناغەكەی دانێت.

ئەحمەد عوسمان ئەفەندی موتەسەریفی هەولێر كە دەیزانی منداڵانی هەولێر بەوڕادەیە عەرەبی دەزانن كە منداڵێكی ئینگلیزی فەرەنسی دەزانێت، بە پەلەپەل ناردی لە شاری (حیلە)ی خوار بەغدا منداڵێكی زیرەكی عەرەبیان هێنا بۆ ئەوەی بەناوی منداڵانی هەولێرەوە وتارێك لەبەردەم مەلیكدا بخوێنێتەوە، لەكاتی خوێندنەوەی وتارەكە بە عەرەبی مەلیك شاگەشكە ببوو، بەڵام هیچ گومانم لەوە نەبوو مەلیك نەیدەزانی زۆرینەی ئامادەبوانی ئەو مەراسیمە نەیاندەزانی ئەو منداڵە باسی چی دەكات، مەراسیمەكە تەواوبوو و نامەیەكم بۆ وەزارەتی دارایی نووسی و وتم ئێستا ئەگەر غیرەتتان هەیە بودجەی بۆ دامەنێین.

ئەمە ئەوە دەردەخات، ئەم بە ناو دەوڵەتی عێراقە هەر لە سەرەتاوە لە سەر ئەساسی درۆ و فرت و فێل لە كورد پێكەوە لكێنراوە و فرت و فێڵ و درۆش دوای كورتە.


12