سۆشیال میدیا

ڤاگنەر، جەنگ و مۆسیقا

پەیك میدیا، هونەر تۆفیق


کۆمپانیای میلیشیا لایەنگرەکانی ڕوسیا ناوی ڤاگنەریان لەخۆیان ناوە، میلیشیا لایەنگرەکانی ئەمریکاش لە ئۆکرانیا ناویان مۆزارتە، هەردوو ناوەکە بەناوی دوو مۆسیقی ناوداری جیهانی بەڕەچەڵەک ئەڵمانین.

هیچ مۆسیقیەک هێندەی ڕێچارد ڤاگنەر ١٨١٣-١٨٨٣ پرسی بابەتە مۆسیقیەکانی نەکراوەتە پرسێکی سیاسی و لەناو فیکری سیاسیدا بەو ئاستەی ڤاگنەر مشتومڕی بەدوای خۆیدا نەهێناوە. 

لە سەردەمی کۆمۆنەی دووەم و جەنگی فەرەنسی – ئەڵمانیدا ١٨٧٦ فەرەنسیەکان ببوونە دوو بەشەوە، نێوەندە ڕۆشنبیرییەکانی فەرەنسا، ئۆپێرا و مۆسیقاکانی ڤاگنەریان بەلاوە هونەرێکی باڵابوو، نێوەندە سیاسی و سەربازیەکانیش دژ بە ڤاگنەر و مۆسیقاکەی بوون، لەبەر ئەوەی لە کاتی شکستی کۆمۆنەدا، ڤاگنەر وتارێک بڵاودەکاتەوە بەناوی کەوتنی پاریسەوە، فەرەنسیەکان بە سوکایەتیکردن لێکیدەدەنەوە.

ڤاگنەر لەناو ئەڵمانەکاندا بە ڕۆحی جەرمەنی و هەستی ڕاستەقینەی ئەڵمانیا  دەناسێنن، نیتچیەی فەیلەسوف لە سەرەتای ناسینیەوە ڤاگنەر وەک بوونێکی تایبەت لە خواوەندەوە وێنا دەکات، دەیکاتە پێغەمبەری خۆی، لەدوا تەمەنیدا دژ بەو هاوڕێ و پێغەمبەرەی دەوەستێتەوە، زۆرترین هێرش دەکاتە سەر کەسایەتی و هونەرە مۆسیقیەکەی، لەبەر ئەوەی ڤاگنەر بە گەڕاوە بۆ ئایین و تەسلیمبوو بە خواوەندی لا دەردەکەوێت.

هیتلەر یەکێک بوو لە شەیداکانی مۆسیقای ڤاگنەر،  نێوەندێکی گەورەی لە بایەر بۆ ڤاگنەریەکان کردبوویەوە، خۆشی وەک ئەندامێک لە گروپی ڤاگنەریەکان بەشانازیەوە دانابوو، لەکاتی ڕێکەوتنی ئەڵمان و سۆڤیەتیەکاندا، بۆ دڵنەوایی هیتلەر، ستالین لە شانۆی بۆلشۆی ١٩٣٨ گەورەترین نمایشی ئۆپێرا و مۆسیقاکانی ڤاگنەر دەکاتەوە، هیتلەری شەیدای ڤاگنەر فەرمانی کردبوو مۆسیقای هەموو فلیمەکانی جەنگ و سەرکەوتنەکانی سوپای ئەڵمانیا دەبێت لە مۆسیقاکانی ڤاگنەر بێت، هەمان مۆسیقاشی لە حەمامەکانی مەرگی جولەکەکاندا لێدەدا کە غازی خنکێنەری بۆیان دەکردەوە.

بۆیە هەتا ئێستاش لەناو جولەکەکاندا مۆسیقای ڤاگنەر وەکو عورف بەقەدەغەکراو دادەنرێت، لەدواساتەکانی ژیانیشیدا بەدەم خۆکوژیەکەیەوە مۆسیقای ڤاگنەر لێدەدات، هەروەک چۆن سۆڤیەتیەکان لەکاتی ماڵئاوایی لەجەنازەکەی لینیندا مۆسیقای ڤاگنەریان لێدابوو.

هەر دەکەسە دامەزرێنەر و سەرکردەکەی میلیشیای ڤاگنەر کە پوتین بە خیانەتکار ناوی هێنان و لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنی پێشووتردا کە لەپوتین دەپرسن ناتوانیت لەچ کردەیەک ببوریت؟ دەڵێت تەنیا لە خیانەت نابوورم، لەو خیانەتەی ڤاگنەریەکان نەبوورد، لەکاتی گوێگرتن لە ئاهەنگی مۆسیقادا لە کۆرسک، هەموو سەرکردە ڤاگنەریەکانی بەئاسمانەوە سوتاند، سوتاندنیان لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقادا پەیام بوو بۆ هەموو نەیارە دەرەکی و نێوخۆییەکانی ڕوسیا. 

ڕوسەکان پەندێکیان هەیە (ئەگەر نەتتوانی ورچەکە بکوژیت، برینداری مەکە) پوتین لە پەیامەکەیدا سوتاندنی ڤاگنەریەکانی بە کوشتنی ڕاستەقینەی ورچەکە دانا، چونکە بریندارکردنی ئەگەری چاکبوونەوە و پەلاماردانەوەی هەیە، بەڵام ئەو شوێنی مەزار و گۆڕیشی بۆ نەهێشتنەوە تاوەکو لە داهاتوودا ڤاگنەریەکان بچن چەپکەگوڵێک لەسەر گۆڕەکانیان دابنێن، لەمەودوا جۆر و تەکنیکی جەنگەکەشی بەو شێوەیە بەڕێوەدەبات، کە سەرکردەکانی ئۆکرانیاش تا ئێستا پارێزراوبوون، هیچیان لە سەرکردەکانی ڤاگنەر زیاترنیە کە سزای خیانەتیان بدات.


12