خانوە داركان، كۆنترین بینای ولڤەرهامتن
پەیك میدیا، هەورامان نیعمەت
خانووە دارەكان چیرۆكی شوێنەواریی شارەكانی بەریتانیان، لەشارە كۆنەكانی بەریتانیا ئەم خانووانە هەن، هەندێكیان مێژووی دروست كردنیان دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەكانی ناوەڕاست تەنها لە دارو خشت دروست كراون.
لە شەقامی ڤیكتۆریا لە سەنتەری شاری ولڤەرهامتن خانوویەكی دارین قنج وەستاوە، هەرچەندە كۆنترین خانووی شارەكەیەو جگە لە كڵێسای سەنتەری شار بینایەكی كۆنتر لەم نیە و لەسەدەی شانزە دروست كراوە، بەڵام تا ئێستاش بە پێوە وەستاوە.
ئەم پیرە خانووە كلاسیكە هەرچەنە گەمارۆ دراوە بە مۆدێرنە بە كاشی و چیمەنتۆو پلاستیكو ئاسن و كەرەستەكانی خانووی مۆدێرن و شەقامێكی فول مۆدێرن، كە هەمووی یەك دوو مانگێكە تەواو بووەو لە بەردەمیدایە بەڵام ئەم هەر وەستاوەو شەڕی مانەوە دەكات بەدارە ڕەشە ڕزیوەكانی و خوێن شرینترین لەكاروان جێماوی شارەكەیە.
تا ئێستا دوو جار نۆژەن كراوەتەوە، لە ساڵی 1979 و 1981، ئەم بینا كۆنە پیرە گەنجە كلاسیكیەی ناو دنیای مۆدێرن، هێشتا كار دەكات ئێستا خواردنگەیەكی نێوەڕوانەیە، كۆفیشیان هەیە.
دەمێك بوو حەزم دەكرد چیرۆكی ئەم پیرە شرینەی شار بزانم ڕێك نەدەكەوت، ئەمڕۆ گونجاو بۆی چوومە ژورەوەو لاتێیەكم داوا كرد و پڕ بەدڵی خۆم باڵای دارینیم دایە بەر تیری نیگاو لێی ڕامام و چەندین وێنەیم گرت بەدەم كۆفی خواردنەوە .
لەولای منەوە ژن و پیاوێكی بەتەمەن دانیشتبوون، دیاربوو هەستیان كرد من بە تاسەوە دیقەتی دیوارو دار و بنمیچ وێنەی سەر دیوارەكانم دەدا، كاتێ هەستان ژنەكە لێم نزیك بوویەوە، وتی كاتێك من مناڵ بووم ئەم بینایە دووكانی فروشتنی جلی مناڵان بوو دایكم منی دەهێنا بۆ ئێرە لێرە جلی بۆ دەكڕیم، ئەمەش بەڵگە بوو لەسەر ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا دوكانی جلی مناڵان بووە.
نزیكەی 500 ساڵ تەمەن و زیاتر بێگومان چیرۆكێكی دوورو درێژە،بەڵام لە پۆستێكی كوردتدا تەنها بواری وتنی ئەوندە هەیە.
هەڵبەتە من بۆخۆم ئەندازیاری تەلارسازی ودیزاین نیم، بەڵام زۆر چێژ دەبینم لە سەیركردنی شێوازی تەلارسازی كۆن كەلەم وڵاتە پارێزراون.
ئەو كەشو هەوا ئارام و خۆشەی ئەمڕۆ لەوێ بینیم زۆر خۆشتر بوو بەلامەوە لە كەشو هەوای كۆستاو ستاربۆكس و گڕێس، ئەمانە كۆفی شۆپی بەناوبانگن لە بەریتانیاو لە هەمووشارێك زیاتر لە لقێكیان هەیە.
|