سۆشیال میدیا

چیرۆكی پیاو و ژنەكەی كانێسكان

پەیك میدیا، ڕەووف ئالانی


لەخوار فولكەی ئاسكەكانی كانێسكان، لەشاری سلێمانی، پەیكاری ژن و پیاوێك دروست كراوە، كە لەسەر كورسی دانیشتوون، لەنێوان هەردوو كەسەكە، بۆشاییەك هەیە، بۆ دانیشتن، یان ئەگەر كەسێك خواستی بوو وێنەیەكی یادگاری لەگەڵیان بگرێت، پەیكاری هەردوو كەسەكە بەجلی كوردیەوەدروستكراون.


وێڕای دەست خۆشی بۆ ئەو هونەرمەندەی كارەكەی ئەنجامداوە، ڕێزو سوپاسیش بۆ سپۆنسەری ئەو كارە هونەرییە جوانە، كە بۆتە هێمایەكی جوان و ڕازاندنەوەی ئەو شەقامە.

زۆربەی ڕۆژەكان من ڕێم دەكەوێتە ئەو شوێنە، هەموو كات بە تێڕامان و سەرنجدان لە پەیكارەكان هەڵوێستەیەك دەكەم، خەیاڵ دەمبات بۆ ڕابردووی شار، كە پڕبوو لە خۆشەویستی و جوانی و ڕێزگرتن.

كات عەسرێكی درەنگ وەخت بوو، لەبازاڕ دەگەڕامەوە، لە پەیكارەكان نزیك بوومەوە، لە پشتیانەوە بووم، پیاوێكی تەمەن (٦٥بۆ٧٠)ساڵ لەنێوان ئەو ژن و پیاوە دانیشتبوو، گوێم لەدەنگی بوو قسە و باسی لەگەڵ پەیكارەكان دەكرد، بەم جۆرە دەدوا:

ڕووی دەمی دەكردە پیاوەكەو دەیوت: كاك مەحمود تۆ بۆ ئەوەندە تووڕەی، وانابێ، تۆزێ ئارام بە.

ڕووی دەكردە پەیكاری ژنەكەو دەیوت: ئاخر باجی فاتم تۆش هێندە عیناد مەبە، بائەویش قسەیەك بكات، تۆ ئارامتربە.

-بۆ پیاوەكە: كاك مەحمود خۆزگە ئەمزانی تۆ بۆ وائەكەی و ئاگر ئەخەیتە ناو ماڵەكەتەوە؟

-بۆ ژنەكە: بائەو تووڕەبێت، دەتۆ جوابی مەیەرەوە بۆ خاتری خوا !

-بۆ پیاوەكە: دەباشە خاترت خۆش بێت، كاك مەحمود گیان تۆ ئاوا بڵێ.

-بۆ ژنەكە: واكاك مەحمود قەناعەتی كرد ئیتر هیچ نەڵێ و دەمی دابخات، تۆش بڕۆ تۆزێ دۆی ناومەشكەكەمان بۆ بێنە بابیخۆینەوە، سەماوەرەكەش داگیرسێنە با عەسرە چایەك بخۆینەوە.

ئەو پیاوە جوانترین نواندنی ئەنجامداو لەدوایدا ماڵئاوایی لێكردن و وتی: نابێ جارێكی تر ئەو بەزمە لەنێوانتادا ڕووبداتەوە، خوا حافیزتان بێت.

 


12