سۆشیال میدیا

ئازاری سنگ چییەو جۆرەكانی چۆنە

پەیك میدیا: محەمەد رەسول محەمەد


ئازاری سنگ ناڕەحەتیەكی باوە كە زۆر كەس تووشی دەبن و زۆر هۆكاریشی هەیە، هەندێ لە حاڵەتەكان مەترسیدارەو دەبێ زوو چارەسەر بكرێ وەكو سنگەكوژێ (زەبحەی دڵ) هەندێكی تریشیان بێ وەین وەكو تەشەنوجاتی ماسولكەكان.


1. سنگەكوژێ (زەبحەی دڵ) یەكێكە لە هۆكارە گرنگ و مەترسیدارەكانی ئازاری سنگ كە بەهۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەرە تاجیەكانی دڵ دروست دەبێت بەتایبەتی لەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەكو زەخت و شەكرەو چەوری خوێن و نەخۆشی تری دڵیان هەیە، یان لەو كەسانەی جگەرەكێش یان مەشروب خۆرن، ئەم ئازارە لەسەر هەموو دەفەی سنگ یان لای چەپی دڵ دروست دەبێت و زۆر جاریش بڵاودەبێتەوە بۆ ناوشان و پشت و قۆڵی چەپ و تەنانەت مل و شەویلگەش، ئازارەكە وەكو قورسایی یان گوشین وایە كە بەڕۆیشتن و هیلاكی زیاد دەكاو بە ئیسراحەت و حەبی ژێر زمان (ئەنجیسید) كەم دەبێتەوە، ئازاری زەبحە هەندێ جار هەناسە توندی و دڵەكوتێ و ئارەقەكردنەوەو هێڵنج و ڕشانەوەی لەگەڵدا دەبێت، لەكاتی گومان كردن لە زەبحەی دڵ پێویستە بەزووترین كات لەلایەن پزیشكەوە ببینرێت و پشكنینی تایبەتی بۆ بكرێت وەكو هێلكاری دڵ (تەختیت) و ئیكۆو ئەشیعەی تەنوری دڵ و قەستەرە.

2. ئازاری سنگ بە هەندێ نەخۆشی تری دڵ دروست دەبێت وەكو هەوكردنی پەردەی دڵ و تەسكبونەوە یان هەڵگەڕانەوەی زمانەی دڵ و نەخۆشییەكانی شاخوێنبەرو جەڵتەی سیەكان، لەم نەخۆشیانە ئیكۆی دڵ و ئەشیعەی تەنوری سیەكان زۆر بەسودن بۆ دەستنیشان كردنی حاڵەتەكە.

3. هەندێ جار ئازاری سنگ پەیوەندی بە هەوكردنی سیەكان و قەسەباتەوە هەیە بەتایبەتی كاتێك ئازارەكە بە هەناسە هەڵكێشان زیادبكاو كۆكەو بەڵغەم و خیزەی سنگی لەگەڵدابێت، بۆ دەستنیشان كردنی ئەم حاڵەتانە پشكنینی خوێن و ئەشیعەی سنگ پێویستە.

4. هەندێ حاڵەتی كۆئەندامی هەرس ئازاری سنگ دروستدەكات وەكو دڵە كزێ، قورحەی گەدەو سورێنچك، هەوكردن و تەسكبونەوەی سورێنچك و فتقی ناوەكی، لەم بارانە ئازارەكە دوای ژەمی خواردن زیاد دەكاو بە نازووری گەدە حاڵەتە دەستنیشان دەكرێ.

5. گرژبوونی ماسولكە (تەشەنوجات) و هەوكردنی جومگەكانی پەراسوو شكانی ئێسقان ئازاری سنگ دروست دەكات و بە هەندێ دەرمانی ئازارشكێن تەواو باش دەبن.

6. حاڵەتی دەروونی و دڵەڕاوكێ و ترسی لەڕادەبەدەر ئازاری سنگ و هەناسەتووندی و دڵەكوتێ دروست دەكات، لەم نەخۆشانە هەموو پشكنینە خوێنیەكان و ئەشیعەو ئیكۆی دڵ ئاسایی دەرئەچێ و نەخۆشەكە بە چارەسەری دەروونی چاك دەبێتەوە.


12