گەنجێك لە كاتی كۆڵبەریدا كوژرا
وێنەی گەنجە كوژراوەكە
پەیك میدیا
گەنجێكی تەمەن 20 ساڵ، لە كاتی كۆڵبەریدا لەسەر سنوری بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.
لەبارە ی كوژرانی ئەو گەنجە كۆڵبەرەوە، رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لەڕێگەی ڕَاپۆرتێكەوە نوسیویەتی"هۆشیار حەسەنزادە، تەمەن 20 ساڵ، لە كاتی كۆڵبەری لە سنووری بانە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی حكوومەتی برینداربوو وە دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەكان گیانی لەدەست دا".
رێكخراوەكە ئەوەشی خستۆتەتڕوو، هێزە چەكدارەكانی حكوومەت لە ناوچەی سنووری (زلە) گرووپێكی كۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و دەشڵێت"كۆڵبەرەكە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە و بەهۆی سەختی برینەكانییەوە گیانی لەدەست داوە".
هاوكات باسلەوەش دەكات، هۆشیار حەسەنزادە گوللەكەی هێزە چەكدارەكانی ئێران بەر سنگی كەوتووە و بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.
كوژرانی ئەو گەنجە كۆڵبەرە لە كاتیكدایە، پرسی كۆڵبەری لەسەر سنورەكان پرسێكی جدی و بەردەوامە، كە لەنێو مەترسییەكانی ژیانی كۆڵبەران چیرۆكی جۆراوجۆر بوونی و تاوەوكو ئێستاش نەتوانراوە چارەسەر بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە.
|