ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئێران، تەنها لە ماوەی سێ‌ مانگدا 48 كورد لە سێدارە دراوە

سزای سێدارە، دێوەزمە بەردەوامەكە

پەیك میدیا


تەنها لە ماوەی سێ‌ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بە تۆمەتی جیاجیا دادگای ئێران نزیكەی 48 هاوڵاتی كوردی بە سزای لەسێدارەدان مەحكوم كردوە.


بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كە لە كۆتایی مانگی ئازاری 2023دا لەبارەی جێبەجیكردنی سزای لەسێدارەدانەوە بڵاوی كردۆتەوە ئاماژە بەوە دەكات، لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا لانی كەم 48 هاووڵاتیی كورد لە بەندیخانەكانی ئێراندا لە سێدارە دراون كە 3 كەسیان بەندكراوی سیاسی بوون و دەشڵێت"ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 270% زیادی كردووە".

هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو ئامارە 34% ی گشت لە سێدارە دراوانی ئێرانە كە لە ماوەی ئەو سێ مانگەی ڕابردوودا سزاكەیان لە ئێران جێبەجێ كراون و ڕاپۆرتەكە دەشڵێت"لەو ماوە دیاریكراوەدا لانی كەم 141 بەندكراو لە سەرانسەری ئێراندا لە سێدارە دراون".

هەنگاو لە ڕاپۆرتەكەدا باسلەوەش دەكات، ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا كە 13 بەندكراوی كورد لە سێدارە درابوون، 270% زیادی كردووە و نوسیویەتی"هەنگاو لەو بڕوایەدایە كە حكوومەتی ئێران بۆ ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە خەڵكی كوردستان بە هۆی شۆڕشی ژینا، جێبەجێكرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییانی كورد و بەتایبەت لە شارەكانی ناوەندی ئێرانی زیاد كردووە".

"لەو ماوەیەدا لانی كەم سزای سێدارەی 10بەندكراوی كورد لە بەندیخانەكانی كەرەج جێبەجێ كراوە، چوار بەندكراوی كوردیش لە بەندیخانەی ئەراك و دوو بەندكراوی كوردی دیكەش لە بەندیخانەكانی هەمەدان و بەندەر عەباس لە سێدارە دراون" ئەوەش بە پێی خستنە ڕووی ڕاپۆرتەكە.


1