هۆكاری دەستگیركردن و سزادانی دوو هاوسەرە كوردەكە لە ئێران ئاشكرا دەكرێت
مەهوەش تەوەسولی، جووتیار ئەشرەفزادە
پەیك میدیا
ژن و پیاوێك كە هاوسەری یەكترین، سزای سێ ساڵ زیندانیكردنیان لە لایەن دادگای پیرانسارەوە بەسەردا سەپێنرا.
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاپۆرتێكەوە لەبارەی دەستگیركردن و سزادانی ئەو دوو هاوسەرە ڕایدەگەیەنێت، (جووتیار ئەشرەفزادە) خەڵكی پیرانشار سزای سێ ساڵ بەندكران و هاوژینەكەی بە ناوی (مەهوەش تەوەسولی) سزای دوو ساڵ بەندكران لە ماڵەوەی بەسەردا سەپێنراوە.
رێكخراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات، ئەم هاوژینە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەشاری پیرانشار و لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە دەستبەسەر كرابوون و دەڵێت "جووتیار ئەشرەفزادە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشار بە تۆمەتی كۆبوونەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزای سێ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپاو".
هەنگاو لەبارەی (مەهوەش تەوەسولی) ئەوە دەخاتەڕوو، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام سزای دوو ساڵ بەندكران لە ماڵەوەی بە پێبەندی ئەلیكترۆنی بەسەردا سەپاوەو نوسیویشیەتی"بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار تانەی لەو بڕیارەی دادگا داوە و داوای كردووە كە سزایەكی قورستر بەسەر ئەو هاوژینەدا بسەپێنرێت".
|