هونەرمەندێكی دیاری رۆژهەڵاتی كوردستان لە زیندانەوە نامەیەك بڵاو دەكاتەوە
سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەر
پەیك میدیا
سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەركراوی كرماشان ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بدرێت پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەو دادگاییكردنەدا ئامادە بن كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا بەڕێوەبچێت.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕێگەی ڕاپۆتێكەوە ئاماژە بەو دەكات، سامان یاسین-ی تەمەن 27 ساڵ، هونەرمەندێكی بواری ڕاپەر و ئاوازدانەری خەڵكی شاری كرماشانە، لە نامەیەكدا كە لە زیندانەوە بۆ رایگشتی و پارێزەرەكانی بڵاوی كردۆتەوە جەخت لەوە دەكاتەوە، لەژێر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی و دەرمانیدا ناچاریان بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە كە ئەگەری گواستنەوەی بۆ بەندیخانە جیاوازەكان لە ئارادایە.
ئەو هونەرمەندە كوردە لە نامەكەیدا دەڵێت"داوا دەكەم خێرا و لە دەرفەتێكی گونجاودا پێش لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئەو پارێزەرەی هەڵمبژاردووە، بەڕێز ئەمیر ڕەئیسیان و گرووپەكەیان، بە شێوەیەكی یاسایی بچنە سەر دۆسیەكەم و ئەم داواكارییە بە نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بنێرن و بەر لەوەی دانیشتنی دادگا بەڕێوە بچێت، هەلومەرجێك بڕەخسێنن كە لەگەڵم كۆ ببنەوە و چاوپێكەوتنمان هەبێت".
دەشڵێت"پێویستە ڕێگە بدرێت پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لەو دادگاییكردنەدا ئامادە بن و داواكاریی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە زووترین كاتدا بە نووسراو بۆ دادوەر سەڵواتی و بەرپرسان و دادگا بنێرن".
سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵكی شاری كرماشان و دانیشتووی شاری تاران، لە ڕۆژی یەكشەممە (2ی ئۆكتۆبەری 2023) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەكان لە ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەر كرا.
دەقی نامەكەی سامان
نامەی كراوە
پارێزەران و جەماوەری هێژا، سڵاو
سامان یاسین (سیدی) لە بەندیخانەی ڕەجاییشار
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ١٠ مانگەی كە لە ماڵەكەی خۆم ڕفێندرام و لەژێر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی و دەرمانیدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووم، هەروەها بەهۆی ناڕوونیی چارەنووسم و گواستنەوەم بۆ بەندیخانە جۆراوجۆرەكان و ڕێگەنەدان بە پارێزەری تایبەت و هەڵبژێردراوی خۆم كە بێتە سەر دۆسیەكەم، ئەم دەقە دەنێرم و بڵاو دەكەمەوە. چونكە ئەگەری ئەوەی كە دیسان جارێكی تر بۆ شوێنێكی نادیار بگواسترێمەوە، هەموو ساتێك لە مێشكمدایە.
"كاتی بەڕێوەچوونی دادگاییكردن لە ١٨ خەرمانان ڕاگەیەندراوە".
داوا دەكەم خێرا و لە دەرفەتێكی گونجاودا پێش لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئەو پارێزەرەی هەڵمبژاردووە، بەڕێز ئەمیر ڕەئیسیان و گرووپەكەیان، بە شێوەیەكی یاسایی بچنە سەر دۆسیەكە و ئەم داواكارییە بە نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان بنێرن و بەر لەوەی دانیشتنی دادگا بەڕێوە بچێت، هەلومەرجی بڕەخسێنن كە لەگەڵم كۆ ببنەوە و چاوپێكەوتنمان هەبێت.
داواكاری دواتر:
دادگا كراوە بێت و پارێزەران و ڕۆژنامەنووسانی بەڕێزی ناوخۆی ئێران و هەروەها ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی ڕێگەیان پێ بدرێت كە لەو دادگاییكردنەدا ئامادە بن و داواكاریی خۆیان بۆ ئامادەبوون لە زووترین كاتدا بە نووسراو بۆ قازی سەڵوەتی و بەرپرسان و دیوان و... بنێرن.
جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە دادگا دەبێت كراوە بێت و بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەڕێز و پارێزەرانی نێونەتەوەییی مافەكانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی و نێونەتەوەیی بەڕێوە بچێت.
لە كۆتاییدا:
داوا لە باوكی توماج ساڵحی دەكەم لە دادگاییكردنەكەم ئامادە بێت، چونكە بەڕێزیشیان كوڕەكەیان هاوهونەری بەڕێز و خۆشەویستی منە و بەهۆی گۆرانی و ڕاپەوە لە بەندیخانەدایە.
شەمە، ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣
بەندیخانەی ڕەجاییشار
سامان یاسین (سەیدی)
|