ڕۆژهەڵاتی کوردستان

رۆژهەڵاتی كوردستان، ژنە زیندانییەك دەمی خۆی دەدورێتەوە

سوهەیلا محەممەدی

پەیك میدیا


ژنە زیندانییەكەی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ئورمیە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاند و لەو چوارچێوەیەشدا دەمی خۆی دەدورێتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە بڵاوی كردتەوە، (سوهەیلا محەممەدی) ژنە بەندكراوی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، سەرەڕای تێپەڕاندنی 3 ساڵ لە سزای 5 ساڵ بەندكردن، هێشتا مافی هاتنە دەرەوە و ئازادیی بەمەرجی پێنەدراوە، بۆیە ئەو یش وەك ناڕەزایەتییەك مانگرتنی لە خواردن ڕاگەیاندوە.

ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت"سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندكراوی سیاسیی كورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە و خەڵكی شاری سەڵماس، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر بارودۆخی خۆی و گرفتخولقاندن و كێشەنانەوەی بەرپرسانی ئەو بەندیخانە بۆ ناوبراو، بە دوورینەوەی لێوەكانی مانی لە خواردن گرت".

ڕاپۆرتەكە دەشڵێت"ئەو بەندكراوە سیاسییە دایكی منداڵێكە و بەهۆی گوشاری ناوەندە حكوومەتییەكان و ڕێگریكردن لە ئازادیی كاتیی ناوبراو و هەروەها بێبەریكردنی لە لێبوردنی گشتی، بە لێدانی چەند چەقۆیەك لە سینگی خۆی هەوڵی خۆكوشتنی دا كە لەلایەن هاوبەندییەكانییەوە ڕزگار كرا".


1