بكوژی خێزانەكەی كرماشان كوژرایەوە
پەیك میدیا
پۆلیسی كرماشان ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمەتبارەی خێزانەكەی كوشتبوو پاش ئەوەی لە كاتی دەستگیركردنیدا رووبەڕوی هێزەكانیان ببوەوە كوژرایەوە.
مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای كرماشان لە بارەی رووداوەكەوە بە میدیاكانی ڕاگەیاندوە، بكوژی چوار كەسی یەكێك لە گوندەكانی سەر بە شاری كرماشان، لە شاخەكانی ناوچەی جەلالوەند خۆی حەشار دابوو، پاش مانگێك گەڕان و بەدواداچوون، پۆلیس شوێنەكەی دۆزیەوە و رۆژی چوارشەممە هەوڵیاندا دەستگیری بكەن.
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی كرماشان رونیشیكردۆتەوە، پۆلیس چوونەتە شوێنەكە و گەمارۆیان داوە بەڵام تۆمەتبار خۆی رادەست نەكردووە و تەقەی لە پۆلیس كردووە و دەڵێت" پۆلیس وەڵامی داوەتەوە و برینداری كردووە و دواتر تۆمەتبارەكە گواستراوەتەوە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەوڵی پزیشكەكان، بەڵام گیانی لەدەستداوە".
كوژرانی ئەو تۆمەتبارە لە كاتێكدایە، رۆژی 03-07-2023 لە ناوچەی جەلالوەند، سەر بە شاری كرماشان، لەسەر لەوەڕگە شەڕ لەنێوان دوو خێزاندا روویدا، بە وتەی پۆلیس تۆمەتبارەكە تەقەی لە خێزانەكەی دیكە كرد و باوكێك، دوو كوڕی و كەسێكی دیكەی كوشتوە".
|