ڕۆژهەڵاتی کوردستان

تاران، ڕۆژنامەنوسێكی كورد دەستگیر كرا

پەیك میدیا


بۆ جارێكی دیكە، رۆژنامەنوسێكی دیاری كورد لە ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە لە تارانی پایتەخت دەستگیركرایەوە.


بەپێی ڕاپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، (نازیلا مەعرووفیان) خوێندكار و ڕۆژنامەنووسی خەڵكی شاری سەقز كە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان ئازادی"دا دەستبەسەر كرابوو، دوای ئەوەی كە لەلایەن دادسەرای گشتیی ئێڤین تاران بانگ كراوە، جارێكی تر دەستبەسەر كرایەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە 8ی تەمووزی 2023 نازیلا مەعرووفیان، پاش ئەوە بۆ جاری دووەم دەستگیركراوەتەوە، تاوەكو ئێستا هیچ زانیارییەكی دروست لەسەر هۆكاری بانگكردن و دەستبەسەركردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە بەردەستدا نییە.


رێكخراوەكە لە ڕاپۆرتەكەیدا نوسیویەتی"ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو، 13ی پووشپەڕ، هێزە حكوومەتییەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵی ئەو ڕۆژنامەنووسە كوردە لە شاری تاران و دەستیان بەسەر كەرەستە و كەلوپەلە تاكەكەسییەكانی ناوبراو وەك مۆبایل و لاپتۆپەكەیدا گرتووە".


دەشڵێت"نازیلا مەعرووفیان، پێش ئەوەی كە دەستبەسەر بكرێت، وەك هەواڵنێری ناوەندی ڕاگەیاندنی "ڕوویداد 24" چالاكی دەكرد و دوای بڵاوكردنەوەی وتووێژێك لەگەڵ باوكی ژینا ئەمینی، شەوی یەكشەممە، 8ی خەزەڵوەری 2722، لەلایەن هێزە سەركوتكەرەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاراندەستبەسەر كرا و دواتر بۆ بەندی 209ی بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە".


هەنگاو دەشڵێت"پاشان ئەو خوێندكارە لەلایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تاران سزای دوو ساڵ بەندكردن و پێبژاردنی بڕی 15ملیۆن تمەنی ئێرانی و هەروەها 5 ساڵ دوورخرانەوە لە زێدی خۆی بەسەریدا سەپێندراوە".


لە ڕاپۆرتەكەدا لەبارەی تۆمەتباربوونی ئەو رۆژنامەنوسەدا ئەوە خراوەتە ڕوو، كە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی كۆماری ئیسلامی" و "بڵاوكردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێكدانی ڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژێك لەگەڵ باوكی ژیان ئەمینی"، دراونەتە پاڵ نازیلا مەعرووفیان.



1