بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە بڵاوی كردۆتەوە، تەنها لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەماڵدا، لانی كەم 44 كۆڵبەر و كاسبكار لە سنوورەكانی كوردستان كوژراون و بریندار بوون كە77% كۆی حاڵەتەكان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
رێكخراوەكە نوسیویەتی"بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، 8 كۆڵبەر و كاسبكار گیانیان لەدەست داوە و 36 كۆڵبەر و كاسبكاری دیكەش برینداربوون، كە دوو كەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر18ساڵەوە بووە".
دەشڵێت"بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین قوربانی لە پارێزگای كرماشان بە 28 حاڵەت تۆمار كراوە، شایانی باسە زۆرترین ژمارەی كوژرانی كۆڵبەران و كاسبكاران بە6 حاڵەت لە سنوورەكانی شاری بانە بووە و زۆرترین ژمارەی برینداربوونی كۆڵبەران بە 26 حاڵەت لە سنوورەكانی ناوچەی نەوسوودی شاری پاوە بووە".
هەنگاو بەمشێوەیە ئامارەكەی بڵاو كردۆتەوە:
هۆكاری كوژران یان برینداربوونی كۆڵبەران و كاسباران:
تەقەكردنی ڕاستەوخۆ: ٣٤ حاڵەت (٤ كوژراو و ٣٠ بریندار) واتە ٧٧%ی كۆی هەموو حاڵەتەكان.
ڕووداوە سروشتییەكان: ٦ حاڵەت (٣ كوژراو و ٣ بریندار) واتە ١٤٪ی كۆی هەموو حاڵەتەكان.
ئەشكەنجە و لێدان و هەروەها لێدان بە ئۆتۆمبێل: ٣ كەس (١ كوژراو و ٢ بریندار) واتە ٧٪ی كۆی هەموو حاڵەتەكان.
تەقینەوەی مین: ١ كەس واتە ٢٪ی كۆی هەموو حاڵەتەكان.
جیاكردنەوە بە پێی پارێزگان:
پارێزگای ئورمیە: ٢ كەس (١ كوژراو و ١ بریندار).
پارێزگای سنە: ١٤ كەس (٦ كوژراو و ٨ بریندار).
پارێزگای كرماشان: ٢٨ كەس (١ كوژراو و ٢٧ بریندار).
ئەو هێزەی كە تەقەی كردووە؛
هەنگی سنووری: ٢٧ كەس (٢ كوژراو و ٢۵ بریندار)
هێزەكانی سوپای پاسداران: ٦ كەس (١ كوژراو و ۵ بریندار)
هێزەكانی ئینتزامی: ١ كەس (١ كوژراو).