باکوری کوردستان

باكوری كوردستان، نوسەرێكی كورد دوای 30 ساڵ زیندانیكردن ئازاد كرا

ساتی پێشوازی كردن لە یەشار ئاسڵان

پەیك میدیا


نوسەرێكی دیاری كورد لە باكوری كوردستان، دوای 30 ساڵ زیندانیكردن ئازاد كراو پاش ئازادكردنیشی جەخت لەوە دەكاتەوە، كورد لە توركیای كۆن و توركیای نوێدا هەر چەوساوە بووە.


بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسە رۆژنامەوانییەكان كە بڵاویان كردۆتەوە، (یەشار ئەسڵان) نوسەری دیاری كورد لە باكوری كوردستان پاش ئەوەی 30 ساڵی تەمەنی لە زیندانەكانی توركیادا بەسەر برد، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئازادكرا و ڕۆژی سێشەممەش گەیشتەوە ماردین و  لە لایەن ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارو كەسایەتی و هاوڵاتیانەوە لە شارۆچكەی ماردین پێشوازی لێكرا.

ئەسڵان لە پاش ئازادكردنی و لە میانی لێدوانێكدا وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەو پێشوازیكردنەی كرد كە لەلایەن خەڵكانێكی زۆرەوە لێكراوە، ئاماژەی بە دۆخی خراپی زیندانیان كرد و ڕایگەیاند"چەندەها كێشە هەن لە زیندانەكاندا و هەڤاڵانمان هیوایەكی بەهێزیان پێتانە، هیچ پێوەرێكی یاسایی نیە، ژیانی زیندانیان بەبێ هۆكار بڕیاری لەسەر دەدرێت".

یەشار ئەسڵان هەر لە میانەی لێدوانەكەیدا ووتیشی"خەڵكانێك باس لە توركیایی كۆن و نوێ دەكەن، بەڵام ئێمە لەژێر هەردووكیاندا چەوساوینەتەوە، هەمیشەش ئەزموونی چەوساندنەوەمان كردووە، لە زینداندا توانیومانە لە ناخی خۆماندا ڕای خۆمان دەرببڕین و هەستەكانمان دەربخەین، لە كاتێكدا خەڵكی لە دەرەوە نەیتوانیوە ئەوەش بكات".

 یەشار ئەسڵان لە سەرەتاكانی 1993دا لە نوسەیبین بە تۆمەتی جیاكاریی دەستگیركرا و لە لایەن دادگایی ئاسایشی دەوڵەتیەوە لە دیاربەكر سزایی زیندانی هەمیشەیی بەسەردا سەپێنرا، لە پاش بەسەربردنی 30 ساڵ و شەش مانگ لە زینداندا ئازادكرا، هاوكات هەر لە نێو زینداندا یەشار ئەسڵان توانیویەتی دوو كتێب بڵاوبكاتەوە ئەوانیش (ڕەنجبێژ‌ و سەرگۆڤەند).‌


1