نۆ ساڵ بەسەر كارەساتی ئێزیدییەكان دا تێپەڕ دەكات
دوو ژنی ئێزیدی كە منداڵەكانیان لە باوەشدایە و لە ترسی هێرش بۆسەریان هەڵهاتوون
پەیك میدیا
ئەمڕۆ 3ی ئابی 2023، نۆساڵ تێپەڕ دەكات بەسەر كارەساتی شەنگال دا لەسەر دەستی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە تێیدا دوو هەزار و 855 كەس كوژران و حەوت هەزار و 432 كەسیش بێسەروشوێن بوون.
بەرەبەیانی 3ی ئابی 2014، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان كردە سەر شەنگال و بەهۆی هێرشەكەوە هەزاران كەس بوونە قوربانی، كە تاوەكو ئێستاش كاریگەرییەكانی بەسەر دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری عێراق و كوردستان و شەنگالەوە ماوەتەوە.
بەپێی ئامارەكان، لەو هێرشە تیرۆریستییەدا بۆ سەر شەنگال دوو هەزار و 855 كەس كوژران، كە هەزار و 262 كەسیان ژن بوون و شەش هەزار و 417 كەس ڕفێندراون كە سێ هەزار و 548 كەسیان ژنن و تاوەكو ئێستاش حەوت هەزار و 432 كەس بێسەروشوێنن كە سێ هەزار و 504 كەسیان ژنن.
هاوكات بەپێی نوێترین ئامار، تاوەكو ئێستا 83 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان و ژمارەیەك گۆڕی تاكەكەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە پێش شەڕی داعش لە شنگال، ژمارەی كوردانی ئێزدی 550 هەزار كەس بووە بەڵام لەو ژمارەیە نزیكەی 120 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی وڵات و زیاتر لە 135 هەزار كەسیشیان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا دەژین.
هەروەها نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزدی دەڵێت، داعش كاتێك شنگال و دەوروبەری داگیركردووە 68 مەزارگەی لەنێوبردووە.
پاش نۆساڵ بەسەر تێپەڕینی كارەساتی شەنگالدا، حكومەتی بەریتانیا بڕیاریدا كە كەیسی كارەساتی شەنگال وەك جینۆساید بناسێنێت.
|