بەپێی ڕاگەیەنراوێكی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان كە لە ساڵڕۆژی قوربانیانی بارزانییەكاندا بڵاویان كردۆتەوە ڕایدەگەیەنێت، چل ساڵ لەمەوبەر لە پرۆسەیەكی رەشبگیریدا ھەزاران پیاوو مێردمنداڵ لە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی قوشتەپەو بەحركە گیران و راپێچی سەحراكانی باشوری عیراق كران، دوای كوشتنیان بە كۆمەڵ خرانە ژێر لمی بیابانەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
راگەیەنراوی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
بۆ ساڵڕۆژی قوربانیانی بارزانیەكان
" دەسەڵات یادی قوربانیان وەك رۆتین تەماشا دەكات"
چل ساڵ لەمەوبەر لە پرۆسەیەكی رەشبگیریدا ھەزاران پیاوو مێردمنداڵ لە ئۆردوگا زۆرە ملێكانی قوشتەپەو بەحركە گیران و راپێچی سەحراكانی باشوری عیراق كران، دوای كوشتنیان بە كۆمەڵ خرانە ژێر لمی بیابانەوە.
ئاكام لە پرۆسەی لێپرسینەوە لە تاوانبارانی كۆمەڵكوژی گەلی كوردستان، دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق دۆسیەی بارزانیەكانی لە ٢٠١١/٥/٣ بە جینۆساید سەلماند.
وەك یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە یادی قوربانیانی بارزانیەكاندا چەند راستیەك بیر دەھێنینەوە:-
یەكەم: حكومەتی عیراق پێویستە بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات لە پای ئەو كۆمەڵكوژی و تاوانە نێودەوڵەتیانەی دەرھەق بەگەلی كورد ئەنجام دراون.
قەرەبووی قوربانیانیش بكاتەوە.
دووەم: كار بكرێت بۆ دۆزینەوەی روفاتی قوربانیانی كۆمەڵكوژی بارزانیەكان و ئەنفال و فەیلیەكان بە پشت بەستن بە یاسای گۆڕە بەكۆمەڵەكان. ھەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان و ھێنانەوەی ئێسك و پروسكی قوربانیان. حكومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدانیش لەوە زیاتر لەم دۆسیەیەدا كەمتەرخەم و بێباك نەبن.
سێیەم: دەسەڵاتی كوردستان ئەم یادە و یادی قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران و بارزانی و فەیلی و راگواستنەكان بە رۆتین وەرنەگرێت و تەماشا نەكات و ئەم یادانە بكاتە دەرفەت بۆ بەجیھان ناساندنی دۆسیەی جینۆسایدی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆو، ناوچەكەو، جیھان.
چوارەم: جەخت دەكەینەوە لە گەڕاندنەوەی ئەو ١٧١ ئێسك و پروسكەی قوربانیانی ئەنفال بەڕێزو شكۆوە كە ماوەی چوار ساڵە بێناز لەسەر رەفەكانی خانەی پزیشكی بەغدا دانراون.
پێنجەم: كردنەوەی سەنتەری دیراسات و خوێندنی جینۆساید لە ناوەندەكانی خوێندنی باڵا بەتایبەتی زانكۆكانی كوردستان بە پشت بەستن بە پرۆگرامێكی گشتگیرو وەك یەك بۆ ھەموو زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان.
شەشەم: ھێشتا دەسەڵاتی كوردی لەبەكارھێنانی ناوو چەمكی تاوانە نێودەوڵەتیەكانیشدا ھەڵە دەكەن. ئەمەش دەرخەری نەبونی دیقەت و بایەخە. ئەم ھەڵەیەش گواستراوەتەوە بۆ ناو ئەدەبیاتی نوسین و ناو كۆمەڵگاش.
حەوتەم: بایەخدان بەبەرهەم و لێكۆڵینەوەی نوسەرانی جینۆسایدو پشتیوانی كردنیان، چونكە هێشتا ئاوڕ نەدراوەتەوە لەم دۆسیەیەو وەك پێویست نەدیكۆمێنت كراوە نە بەڵگەو زانیاریەكان كۆكراونەتەوە، نە پرۆسەی ساغكردنەوە ئەنچام دراوە لەلایەن دەسەڵاتی كوردیەوە.
ئەو هەوڵ و كارە خۆبەخشانەی لەسەر ئاستی نوسەران و ھەوڵی تاكەكەسی لە دۆسیەی جینۆسایدا دراون لەبەرچاوترەو جێی پێزانین و نرخاندنە.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بە رێزەوە یادی قوربانیەكان دەكاتەوەو تاوانی كۆمەڵكوژی بارزانیەكان بەبیر دەهێنینەوە.
رایدەگەیەنین هێشتا كورد نەگەیشتۆتە كەناری ئارام و لەبەردەم مەترسی كۆمەڵكوژیدایە، بایەخدان بە دۆسیەی ئازارو ژانی گەلەكەمان لەو مەترسیە كوردستان دور دەخرێتەوەو بنەمای ژیانێكی سەقامگیر بۆ كۆمەڵگاكەمان فەراھەم دەبێت.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
٢٠٢٣/٧/٣١