باشوری کوردستان

مامۆستایەكی ئاینی زانیاری لەسەر ئەو خێزانە ئاشكرا دەكات كە لە هەولێر كوژران

پەیك میدیا


مامۆستایەكی ئاینی لە شاری هەولێر، باسلە رووداوی كوشتنی ژن و پیاوێك و منداڵەكەیان دەكات و ئەوە دەخاتەڕوو، پێدەچێت ئەنجامدانی كوشتنەكە پێش نوێژی بەیانی ئەمڕۆ بوبێت.


لەگەڕەكی مامزاوا لەشاری هەولێر، سێ‌ ئەندامی خێزانێك كە پێكهاتوون لە پیاوێك و ژنێك و منداڵێك، شەوی رابردوو بەچەقۆ كوژراون و ئەمڕۆ تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە و لەو بارەیەشەوە هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردوە، 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستكەوتوون، ماڵی خێزانە كوژراوەكە دەكەوێتە نزیك مزگەوتێكەوە و مامۆستای مزگەوتەكەش ئەوە دەخاتەڕوو، رۆژانە پیاوی ماڵەكەی بینیوە، و لە لێدوانیشدا بۆ رۆژنامەنوسان دەڵێت"ئەو كارەساتەی لە گەڕەكەكەی ئێمە روویداوە، بەڕاستی كارەساتێكی دڵتەزێنە".

لەبارەی زانیای وورد لەسەر خێزانە كوژراوەكە مامۆستا ئاینییەكە وتویەتی"ناوەكانیان نازانم، بەڵام پیاوێكە تەمەنی لە نزیكەی 60 بۆ 70 ساڵ دەبێت و، ئافرەتێكیشە كە تەمەنی 50 بۆ 60 ساڵ دەبێت، پیاوەكە كوردە و ئافرەتەكە عەرەبە، منداڵەكەشیان كوڕە و لە دەوری 10 ساڵە".
 
"ئەو پیاوەی كوژراوە، بەردەوام هاتووچۆی مزگەوتی دەكرد، بەڵام بۆ نوێژی بەیانیی ئەمڕۆ نەمانبینیوە، هەروەها نوێژی نیوەڕۆش نەمانبینیوە، بۆیە لەوەدەچێت ئەو كارەساتە پێش نوێژی بەیانی روویدابێت، پیاوەكە كەسێكی بێ‌ كێشەبوو" مامۆستا ئاینییەكە وەهای ووتوە.
 


1