کوردستان

وەزارەتی پێشمەرگە زانیاری نوێ‌ لەبارەی ژەهراوی بوونی ژمارەیەك پێشمەرگە بڵاو دەكاتەوە

پەیك میدیا


شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، 19 پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بەپێی بەیاننامەیەكی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە،19 پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون و دەڵێت"دەستبەجێ 13 پێشمەرگە چارەسەری خێرایان وەرگرتووە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا 6 پێشمەرگە لە نەخۆشخانە ماون.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامە
تۆڕی میدیایی روداو هەواڵێكی نادروستی بڵاو كردۆتەوە، كە گوایە 82 پێشمەرگە لە بنكەی مەشقی پیادەی دهۆك ژەهراوی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

لەمبارەوە بنكەی مەشقی پیادەی دهۆك رایدەگەیەنێت تەنها 19 پێشمەرگە باری تەندروستیان تێكچووە و رەوانەی نەخۆشخانە كراون، دەستبەجێ 13 پێشمەرگە چارەسەری خێرایان وەرگرتووە و لە نەخۆشخانە دەرچوون، تەنیا 6 پێشمەرگە لە نەخۆشخانە ماون لە ئێستادا دۆخی تەندروستیان زۆر باشە و بە زووترین كات ئەوانیش لە نەخۆشخانە دەردەچن.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تۆڕی میدیایی روداو چەندەمین جارە هەواڵی نادروست و نابەرپرسانە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاو دەكاتەوە.

ئێمە لێرەوە بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین، كە هەر هەواڵ و زانیارییەك لە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەرنەچێت، دوورە لە راستییەوە و فەرمی نیە، ئاگاداری تۆڕی میدیایی روداویش دەكەینەوە، كە بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەكاندا بكەن و رەچاوی پاراستنی ئاسایشی سەربازی لە هەرێمی كوردستاندا بكەن.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە
13ی ئەیلولی2023