زانیاری لەبارەی پێشێلكارییەكانی سەر رۆژنامەنوسان بڵاو كرایەوە
پەیك میدیا
لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان چەند پێشێلكاریەكی دژ بە رۆژنامەنووسان تۆمار كرد لە هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەوانیش پێكهاتوون لە ئارام بەختیار پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی 24 و شاخەوان سەعید كامێرەمانی كەناڵی ئاسمانی سپێدە و بێستون جومعە پەیامنێری دەزگای میدیایی روون میدیاو لەگەڵ دوو پەیامنێری دیكە.
عەبدولكەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی سپێدە تایبەت بە لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ژمارەیەك لە پیاوانی پۆلیس لە نەخۆشخانەی قەزای خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە هێرشیان كردوەتە سەر شاخەوان سەعیدی كامێرەمانی كەناڵەكە و سوكایەتیان پێكردوە و دەستیان بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكەیدا گرتوە، بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر باس بكات.
لەلایەن خۆیەوە بێستون جومعە پەیامنێری دامەزراوەی راگەیاندنی روون میدیا بە لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسانی راگەیاند، نووسینگەی نەوەی نوێ لە سلێمانی رێگری كردوە لە خۆیی و ژمارەیەك پەیامنێری دیكە و نەیانهێشوە بەشداری لە كۆنگرەیەكی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی نەوی نوێدا بكەن، ئاماژەشیكرد كە رێگری كردنیان لە روماڵكردنی كۆنگرەكە بەپێی چەند رێنماییەك بوو لە رێگای نووسراوێكەوە ئاڕاستەی نووسینگەی نەوی نوێ كرابوو، ناوی ئەو میدیایانەی تیابوو كە قەدغەكرابوون لە روماڵكردنی كۆنگرەكە.
هەروەها ئارام بەختیار پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی 24 بۆ لیژنەكەمانی دووپاتكردەوە جووڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرد، لە ئۆفیسی سەرەكی جووڵانەوەكە ئامادەبن بۆ گواستنەوەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەكە، بەڵام ئۆفیسەكە بەبێ هیچ هۆكارێك، رێگرییان لێ كردم بچمە نێو ئەو هۆڵەی كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی تێدا دەبەسترا، لەكاتێكدا بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست لیژنەكە كەوتوون رێگری لە هەردوو پەیامنێرانی شارپرێس و مۆجۆ كوردیش كراوە.
لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان بە توندی ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانە دەكات كە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە كاتی بەجێگەیاندنی ئەركە پیشەیەكانیان، هەرچ دەستدرێژیەك رۆژنامەنووسان بكاتە ئامانج وەك دەستدرێژی بۆ سەریان و دەستگرتن بەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانیان و رێگری كردن لێیان لە روماڵكردن، پێشێلكاریەكی زەقی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانیە.
لیژنەكە داوا لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار دەكات بە پەلە لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكاریانە بكەن و گەرەنتی ئەوە بكەن كە ئەو كەسانەی بەرپرسن لەو پێشێلكاریانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت تاكو دووبارە نەبنەوە.
هەروەها داوا لە كۆمەڵە و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی پەیوەست بە نەتەوەیەگرتوەكان دەكەین بە پەلە دەستێورەدان بكەن بۆ دەستەبەر كردنی پاراستنی رۆژنامەنووسان و گەرەنتی سەلامەتیان لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی رۆژنامەنووسی، پێویستیشە رۆژنامەگەری رۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریەكان، ئەمەش پێویستی بە ژینگەیەكی ئارام و پارێزراو هەیە بۆ ئەو كەسانەی لەم بوارەدا كار دەكەن.
|