دانیشتوانی سیتییەكان بێدەنگییان شكاند و هۆشداری دەدەن
پەیك میدیا
ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون (سیتییەكان)، لە ڕێگەی یاداشتێكەوە بێدەنگی دەشكێنن و دەڵێن" پێویستە حكومەت پێش بڕیاردان لەسەر زیادكردنی داهاتی خۆی بیر لە بژێوی هاوڵاتیانیش بكاتەوە".
بەپێی یاداشتێك كە ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی كە ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئابی 2023 ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كردوە و كۆپییەكی بۆ (پەیك میدیا) نێردراوە، دەڵێت" چی لە كارەبای 24 كاتژمێری بكەین لە كاتێكدا نەتوانین لەبەر گرانی نرخەكەی سودی تەواوی لێوەربگرین".
دەقی یاداشتەكە:
یاداشتنامەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون- سلێمانی
بەڕێز/ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێز/ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
بەڕێز/ پارێزگاری سلێمانی
بەڕێز/ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
سڵاوێكی گەرم…..
ئێمە بە نوێنەرایەتی دانیشتوانی سەرجەم پرۆژەكانی نیشتەجێبونی شاری سلێمانی كە بە (های كۆست) پۆلێن كراوین، ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین لە بەرامبەر گران بونی نرخی كارەبای نیشتیمانی لە( 18 دینارەوە بۆ 156 دینار).
بەڕێزان، لەم بڕیارە دا بە هیچ جۆرێك ڕەچاوی ئاست و توانای داراییمان نەكراوە كە بەبێ بونی هیچ فلتەرێك و هیچ پێوەرێك ئەو بڕیارە لە لایەن حكومەتەوە دراوە، بێ بونی هیچ یاسایەك و بێ ئاگا لەوەی دانیشتوانی ستیەكان زۆرینەیان موچەخۆرن و بە پێشەكییەكی كەم و قیستی مانگانە بوون بە خاوەنی ئەویەكانەی كە لە ستیەكاندا هەیە، گرانكردنی ئەم نرخەش بارێكی تری خستە سەر شان و بژێومان.
وەك دەوترێت وەزارەتی كارەبا ئەم بڕیارە بە بەرژەوەندی دانیشتوان دەزانن بە بیانوی ئەوەی كە ئێستا تەنها كرێی یەك كارەبا دەدەین و كارەباكەشمان بۆ كراوە بە (24 كاتژمێری)، بەڵام چی لە كارەبای 24 كاتژمێری بكەین لە كاتێكدا نەتوانین لەبەر گرانی نرخەكەی سودی تەواوی لێوەربگرین، بۆیە پێویستە حكومەت پێش بڕیاردان لەسەر زیادكردنی داهاتی خۆی بیر لە بژێوی هاوڵاتیانیش بكاتەوە.
بۆیە دەڵێین ئەگەر ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان كەمترین وزەی كارەبا بەكاربهێنن با بیكەن بە (تەساعودی) نەك راستەوخۆ لە 18 دینارەوە بكرێ بە 156 دینار، چونكە ئێمە لەناو ڕاستیەكانداین و ئاگادارین كە دروستكردنی ئەم بارگرانییە بۆتە هۆی تێكچونی شیرازەی چەندین خێزان و كێشەی زۆری دروست كردوە، لە كاتێكدا دانیشتووانی سیتییەكان لە چینی ناوەندی كۆمەڵگەن و پێویستە كرێی خزمەتگوزاری و قستی مانگانەی كۆمپانیا بدەن، بەو مووچەیەی كە حكومەت بە دوو مانگ دابەشی دەكات، ئەمە جگەلەوەی لە ئێستادا كارتی كارەباشی هاتۆتە سەر.
بۆیە بە حكومەت و وەزارەتی كارەبا ڕادەگەیەنین، ئەگەرچی ئەم بڕیارەتان ئەزمونیە و ماوەی 2 مانگە لە توانای دانیشتواندا نەما بەرگەی ئەو ئەزمونە بگرن، بۆیە داوا دەكەین بە زوترین كات لایەنە پەیوەندارەكان بێنە سەر هێڵ و دەستكاری ئەم نرخانە بكەن و گوێ بۆ داواكاری ئێمەی هاوڵاتیان بگرن.
لەكۆتایدا ئێمە بەشێوازێكی زۆر شارستانیانە داوای مافی خۆمان دەكەین، بەڵام ئەگەر تا 1ی 9 لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت دۆخی ئێمەی هاوڵاتیانیان بەلاوە گرنگ نەبێت و نەیەن بەدەم داواكەمانەوە، ناچارین تەواوی دانیشتووانی سیتییەكان هەڵوێستی دیكەمان هەبێت.
لەگەڵ ڕێزدا...
ئەنجومەنی باڵای دانیشتوانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون- سلێمانی
14ی ئابی 2023
|