نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستنی ئازادیی رادەربڕینەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان
پەیك میدیا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی كۆبونەوەیەكی لەگەڵە كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان پابەندە بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی دیموكراسی، یەكسانی و ئازادیی رادەربڕین.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 7ی ئابی 2023 لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ (ڤۆلكەر تورك) كۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختی لە پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان و ئازادیی رادەربڕین و یەكسانی و دادپەروەری كردۆتەوە.
بە پێی ڕاگەیانراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە تێیدا هاتووە، ئامانجی سەردانەكەیان كە یەكەم جارە دێنە عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان، زەمینەی كار و چالاكیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادیی راگەیاندن و رادەبڕین و كاری رۆژنامەڤانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و دەرفەت و كێشەكانی تاوتوێ كران.
ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئەوەی سەردانەكەی بە گرنگ لە قەڵەم داوە، هاوكات پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان و ئازادیی رادەربڕین و یەكسانی و دادپەروەری دووپاتكردەوە.
ڕاگەیەنراوەكە دەڵێت"سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد دامەزراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بەو بوارانە، وەك هاوبەشێك هاوكاری و یارمەتی پێشكێش بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی كە عێراق و هەرێمی كوردستان لە قۆناخی راگوزەردان و پێویستییان بە یارمەتی و پشتگیری هەیە بۆ برەودان بەو بوارانە".
|