کوردستان

سلێمانی، فیدراسیۆنێك بۆ بەرگریكردن لە ئازادی ڕادەربڕین ڕاگەیەنرا

پەیك میدیا


بەمەبەستی بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و رۆژنامەنوسی، لە شاری سلێمانی فیدراسیۆنێك لە لایەن ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان و میدیاكارانەوە ڕاگەیەنرا.

لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئابی 2023 لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوون، ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنوس و نوسەرو ئازادیخوازی هەرێمی كوردستان فیدراسیۆنێكیان بەمەبەستی دروستكردنی رای گشتی لەدژی هەر هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان دروست ڕاگەیاند و جەختیان لەوە كردەوە، هەمووان لە دەوری پرۆژەیەكی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەك ئامانج كۆببینەوە.

دەقی یەكەم بەیاننامەی بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ:

” بۆ ڕایگشتی، نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و میدیا و میدیاكارانی ئەهلی و ئازاد.
پشتیوانانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی وشە و قەڵەم.

دۆخی باشووری كوردستان  و ناوچەكە ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، ڕۆژ بە ڕۆژ كاریگەرییەكانی ئەم ناسەقامگیرییە لە ئاستی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا زیادتر دەردەكەوێت.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناتەبایی سیاسی و كۆمەڵایەتی ناوەكی، لە دەستدانی متمانەی خەڵك، نەبوونی گوتاری نیشتمانی هاوبەش و نەخشەڕێگەیەكی ڕوون لەبارەی پرسە ستراتیژییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، هەمانكات ناكاریگەربوونی ئۆپۆزسیۆن، كە بتوانن جێگەی ئومێدی گواستنەوەی خەڵكی كوردستان بن بەرەو دۆخێكی ئارامتر و پەروەردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی باشتر، هەروەها شكستهێنان لە دروستكردنی ڕایگشتی سەبارەت بە پرسە گرنگە ژیانییەكان، ڕەنگە بەشێك لەو هۆكارانە بن، كە نە تەنیا دۆخی باشووری كوردستانی لە ڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، ڕووبەڕووی چەقبەستووییەكی ترسناك كردووەتەوە، بەڵكو ڕێگەخۆشكەریش بووە بۆ هەرچی زیاتر فراوانكردنی ڕووبەرەكانی ستەمكاری و بەرتەسككردنەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین، بچووككردنەوە و لە قاڵبدانی كاری پیشەییانەی سەندیكایی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.

كۆی ئەم هۆكارانە و بێگومان هی دیكەیش، كەم تا زۆر، كاریگەرییان بەسەر پەرتكردنی دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خانە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگە و وزە و هێزی یەكخستنی ڕووبەری ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكارییەوە داناوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتن و خوێندنەوەیەدا، وەك وەڵامدانەوەیەك بە پێویستییەكانی ئێستای كوردستان، بە پێویستمان زانی فیدراسیۆنێك لە (میدیاكاران، نووسەرانی ئازاد و سەربەخۆ)، بە تایبەت ئەوانەی بە ڕاستی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ڕابگەیەنین و هەوڵدەدەین هەمووان لە دەوری پرۆژەیەكی نیشتمانی هاوچەرخدا، بۆ یەك ئامانج كۆببینەوە.

ئەم فیدراسیۆنە، ڕاستە لەلایەن ژمارەیەك كەسایەتی ئازاد و سەربەخۆ لە ڕووی ئینتیمای حیزبییەوە، ڕادەگەیەنرێت و سەرپەرشتی دەكرێت، بەڵام ڕووبەری كۆمەڵایەتی كاركردن و ئامانجەكانی، كوردستانی و گشتییە. فیدراسیۆن، نەك تەنیا گەرەكییەتی لە پشتی هەموو دەنگ و ڕەنگێكی ئازاد بوەستێت، بەڵكو دەخوازێت كۆی دەنگ و ڕەنگەكانی، كە خەونی ئازادی و ژیانێكی ئازادیان هەیە، خۆیان بە بەشێك لە فیدراسیۆنەكەو، خەون و ئامانجەكانیشیان، بە بەشێك لە خەون و ئامانجەكانی فیدراسیۆن بزانن، هەر بۆیە ڕایدەگەیەنین فیدراسیۆن دەرگای كراوەیەو هەموو ئەوكەسانە خاوەنی دەبن كە تێدەكۆشن لە پێناو فراوانكردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و، دەوەستنەوە لە دژی ستەم و نادادی و سەركوتكردنی دەنگە ئازاد و بوێرەكانی دەرەوەی دەسەڵاتداران.

ئامانجەكانی فیدراسیۆن:

– هەوڵدان بۆ فراوانكردنی فەزای گشتی.
– چاونەپۆشین و لە قاودانی هەموو جوڵە و هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین.
– هەوڵدان بۆ دروستكردنی ڕایگشتی لە دژی هەر یاسا و ڕێسایەك، كە ئازادی ڕادەربڕین بخاتە ژێر پرسیارەوە.
– وەستانەوە و هەڵوێست نواندن بەرانبەر هەر دەستدرێژی و پەلامارێك بۆ سەر میدیا و میدیاكار، نووسەرانی سەربەخۆ و ئازاد.
– هەوڵدان بۆ كاری هاوبەش بە ئامانجی ڕەخساندنی كەشێكی ئەرێنی بۆ كاری میدیایی و ئازادی نووسین.
– دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە جیهانییانەی، كە لەگەڵ ئامانجەكانی فیدراسیۆن كۆك و تەبا دێنەوە بە ئامانجی بە جیهانییكردنی ئەو گرفت و ڕێگریانەی بۆ میدیاكاران و نوسەران و ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ و ئازاد دروستدەكرێت لە هەرێمی كوردستان.

بۆردی سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسان و نووسەرانی سەربەخۆ ” ڕۆنوس” .