قائیمقامیەتی سلێمانی: رێگەنادەین هیچ ماڵ و گەڕەكێك بێ كارەبای مۆلیدە بن
پەیك میدیا
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ئەوە دەخاتەڕوو، رێگەنادات هیچ ماڵ و گەڕەكێك بێ كارەبای مۆلیدە بن و دەشڵێت"ئەگەر سكالاتان هەبوو پەیوەندیمان پێوە بكەن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە ئەمڕۆ سێشەممە 1ی ئابی 2023 بڵاوی كردەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، هەر هاوڵاتییەك سكاڵای لەخراپی مۆلیدەی گەڕەكەكەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بكات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەكان.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئەگەر سكاڵات لە مۆلیدەی گەڕەكەكەت هەیە پەیوەندی بەم ژمارانەی خوارەوە بكە
لیژنەی مۆلیدە لە مانگێكدا ٢٢٥ سەردانی كردووە
لیژنەی مۆلیدەی سەر بە لیژنە هاوبەشەكان رێكاری پێویست لەگەڵ هەر خاوەن مۆلیدەیەك دەگرێتەبەر كەمتەرخەم بێت لە پێدانی كارەبا بە هاوبەشەكانی.
بەپێی دواین ئاماری لیژنەی مۆلیدە لە مانگی (٧)ی ئەمساڵدا (٢٢٥) سەردانیان بۆ بەدواداچونی كێشەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی كردووە كە بەشی زۆریان لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان بووە.
هەر بەپێی ئامارەكە لەو ماوەیەدا (٢٥) پسوڵەی سەرپێچی و (١٥) پسوڵەی ئاگاداركردنەوەیان داوە بە خاوەنی مۆلیدەكان.
لیژنەی مۆلیدەكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام چاودێری كاتی پێدان و بڕانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان دەكات و رێگەنادات هیچ ماڵ و گەڕەكێك بێ كارەبای مۆلیدە بن و ئەو كارەبایەش كە دەگات بە هاوبەشەكان دەبێت ڤۆڵتییەی پێویستی هەبێت و لەكاتی چەند جارێك دروستبوونی كێشە یان بڕانی كارەبای مۆلیدە، رێكارە یاساییەكان لەگەڵ خاوەنەكەی دەگیرێتەبەر بە سزای ماددی هەتا لێسەندنەوەی مۆڵەت.
هەر هاوڵاتییەك سكاڵای لەخراپی مۆلیدەی گەڕەكەكەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بكات بە لیژنەی مۆلیدەوە لە لیژنە هاوبەشەكان لەرێگەی ئەم ژمارە تلفونانەوە :
٠٧٧٣٦٩٩٣٥٨٤
٠٧٧٠١٣٦٣٦٧٩
یان لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكان ٠٧٧٠٨٦٧٧٧٧٧
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
|