باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق: بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئازادی میدیا و رادەربڕین
پەیك میدیا
باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرگریكردن لە ئازادی میدیا و رادەربڕین و ئەوەش دەخاتەڕٍوو، ئازادی رۆژنامەگەری بەهای گرنگی هەیە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان ئەمڕۆ سێشەممە، لەڕێگەی ڕاگەیەنراوێكەوە ڕایگەیاند، دانێل باربەر، بەرێوەبەری نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق Canada à Erbil، خزر سبیحات، رێپێدراوی بەشی بازرگانی، سەردانی ئۆفیسی سەرەكی ئەو سەنتەرەیان كردوە لە شاری سلێمانی و لەو چوارچێوەیەشدا قسەی كراوە لەسەر پرسی ئازادی رۆژنامەوانی و رادەبڕین.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە"رێكخەری سەنتەری میترۆ باسی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێشهاتە تازەكان، ئاستەنگەكانی بەردەم كاری راگەیاندن و ئازادی رەخنەگرتن كرد وتی: "بە یاسا مافت دەدەنێ بە رێنمایی لێتدەستێننەوە وەك رێنماییەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و دارایی".
سەنتەری میترۆ لەو دیدارەدا باسی لە كەیسی رۆژنامەنوسان و چالاكوانان كردوە و دەڵێت"كەیسی رۆژنامەنووس و چالاكوانی حوكمدراو بۆ ئێمەو رای گشتی گرنگە سەرلەنوێ دادگاییكردنەوەی شێروان شێروانی پەیامی خراپ بوو لە مامەڵەكردنی دەسەڵات لەگەڵ بیروڕای جیاواز".
هاوكات هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لای خۆیەوە دانێل باربەر، بەرێوەبەری نووسینگەی هەولێری باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عێراق وتویەتی"ئازادی رۆژنامەگەری بەهای گرنگی هەیە لە دڵی كەنەدەدییەكاندا و سیاسەت و هەڵوێستمان گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ئازادی میدیا و رادەربڕین".
|