ئاسۆ عەبدوللەتیف
سەلەفیزمی دینی هاوردە، ماوەیەکە بەهەمان نەزم و ئیقاعی دەسەڵات ڕێدەکەن و بوون بە بەشێک لەو مەنزومە فکری و ئایدۆلۆژییەی کە دەیانەوێت وەک مەرجەع و قوتبێکی سیاسی گەورە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، خواستیان لە ئێستادا نەک گەشتن نییە بەدەسەڵات بەڵکو لەسەر میراتی بەرژەوەندی کەسیی و دارایی و مانەوەی خۆیان و سڕینەوەی ڕکابەرو ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن و ڕەشکردنەوەی ڕێگای چوون بۆ دەسەڵات بەتۆپزیی کاردەکەن و بۆئەم بەبەستە دەقی شەرعی و قورئانی و مەقاسیدو فیقهی دینی و کۆمەڵێک پرەنسیپی مێژوویی نەگۆڕیان کردۆتە درعی ئەم جەنگە، ئەوان هەم خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن دەردەخەن و هەمیش وەک سوڵتەو خاوەن ماڵ و بەڵام هەڵگری ژەهری کوشندەی خەونی هەرجۆرە گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێکن و ئەوەش هەم بۆ دەسەڵات مایەی ترسەو هەم بۆ خودی ئۆزسیۆن و بەرەی ناڕازیی.
کارخانەکانی ئەم دیدگا سەلەفیە کارخانەی بەرهەمهێنانی دیدی نوێ و هاوچەرخ و عەقڵانی نین و دژی هەر جۆرە کرانەوەو دیموکراسیەت و مۆرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیین و لەسەر ئەو مێرگە کلاسیکیە خیلجییە دەژین کە تەبەنیی دەکەن.
دەسەڵات ماوەیەکە خەریکی موغازەلەو موبارەکەو مونازەرەی ئەم ڕەوتە دینییەیەو بەخۆی بزانێت یان نا ژەهری کردۆتە پیاڵەکەی بەردەمی خۆی، گەر دەسەڵات ئەوەندە ڕژدە لەسەر ئەوەی پشتگیریان بکات بۆ تەکتیکێکی کاتی و لێدان لە حیزبە ئیسلامییەکانی ترو بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئایندەو چەند کورسیەکیان پێ بەرێتە پەڕلەمان!؟ ئەوا دەبێت ئەوەش بزانێت لە داهاتوودا جگەلەوەی دەبنە ڕێگرو نێچیرو دەستەمۆیان هەمان کات زیانی گەورە بەر گوتاری ئاینی و تەریقەت و سۆفیزم و عیرفانی کوردیی دەگات و ئەو فۆڕمە کەلتورییە کوردییە نیشتیمانیە بەجارێک دەکەوێتە ژێر پرسیاری جەوهەری بە فەتواو تەجەموعات و تەئویلی دینی ئەو تایپەو ئاکارەکانیان.
دیارە ئەو دۆخە بەشێکی پەیوەندی بە لاوازی ئەدای ئۆپۆزسیۆن و بەرەی ناڕازیانی کوردەوە هەیە کە بەهەمان نەزم و دونیابینی و ئیقاعی حیزبی دەسەڵاتدارەوە ڕێدەکەن و ڕەمزو ڕابەرانیان کۆک و تەبانین و هێشتا ناتوانن لە کافێیەکدا قاوەیەک پێکەوە بخۆنەوەو بگرە جوڵەی شەقامەکانیشیان بردۆتە ماڵەکانی خۆیان و سەرگەرم بوون بە ڕوبەری تەسک و وەهمی بچوک و پۆستی فەیسبووک و پانێڵەوە، ئەوان هێشتا ئیشدەکەن بۆ گەشتن بە پلەی وەزیفی و کێ ڕابەربێ و کێ خاوەن شەقام بێت و کێ تیۆریزەی گۆڕانکاری بکات و ئەوەش دەردە بۆ گەشتن بەدەسەڵات و ئیمتیازو پۆست و بیزنس و سەفەقاتی گەورە، غاندی و ماندێللا، کە خەباتی ناتوندوتیژیان کرد زۆر هۆشیان بەلای ئازارەکانی خەڵکەوە بوو لەبری کورسی و ئیمتیازو تۆخکردنەوەی جیاوازی و ژمارەی کورسیەکانیان.
ئینجا لە کوردستان بەشێکی سەرەکی جوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن لەدەستی پارتە ئیسلامیەکاندایەو خۆشیان خاوەنی بیرۆکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و گەندەڵی و نادادین، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕوانگەو بەرنامەو میدیای هاوچەرخ و گوتارێکی یەکگرتووانەوە نەیانتوانیوە خۆیان ڕێک بخەن و خەڵک ئاراستە بکەن، بۆ نمونە چەندساڵێکە دەسەڵات پوازێکی توندی لەجەستەیان گیرکردوە بەناوی سەلەفیزم و ئەو ڕەوتە دینییە پڕاگماتیە وەهابیە خلیجیەو هەتا ئێستا نەیانتوانیوە موخاتەبەی جددی ئەو ڕەوتە بکەن چارەی بکەن، لەلایەکی تر دەسەڵات سەرگەرمی کردوون بە کڵێشەکانی حوکمڕانی و سیاسەت و پەڕلەمان و بودجەو کێشە لاوەکیەکانەوە، ڕاستە تایپی ئیسلامی میانڕەو خاوەن کەرەستەکانی نارەزایەتی و خستنەڕووی دیدێکی ڕەخنەیین بۆ گۆڕانکاریی و خۆشیان داهێنەر بوون، بەڵام لە سێبەری ئەوانیتردان و هێشتا زۆرترین ڕەمزەکانی ئەم بەرە ئیسلامییە سەرگەردانن بەدەست میتۆدی ئیشکردنەوەو نازانن چۆن خۆیان نمایش بکەن و وەک ڕەمزو موبەلیغی خاوەن ماف و خواست دەربکەون، نەیانتوانیوە کاربکەن بەهۆی ئەوەی گوتاری ڕاشکاوو میمبەری پیشەییان نەبوە بۆ قسەکردن، هەروەک لە نێوان پەروەردەو ئیرشادو بانگەوازو سیاسەتدا خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە.