وتار

مەبەست لە رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن چییە و دیارترین پێوەرەکانی چین؟

د. شوان ئادەم ئەیڤەس

رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن، بابەتێکی پڕ مشتومڕی فەلسەفییە و بە یەکێک لە لقە مەعریفییەکان دادەنرێت بایەخ بە چاکە و بەرژەوەندی گشتی کەسەکان دەدات، بەتایبەت لە کاتی روماڵکردنی رووداوەکان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان و داڕشتن و بڵاوکردنەوەیاندا.

ئەو رێسایانە وەک رێبەرێکی ویژدانی رێنوێنیکاری پیشەیی، لەلایەن پیشەوەرانی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییەوە گەڵاڵە دەکرێن و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی باش لە خراپ، جوان لە ناشیرین، راست لە ناڕاست، دروست لە نادروست، واقیع لە خەیاڵ و هتد، پێوەرەکانی کارکردنیان دادەڕێژن و بەخواستی خۆیان پابەنددەبن پێیانەوە. تەنانەت لەسەر رەوایەتی جێبەجێکردنیان رای گشتی لەسەر پرسە جۆربەجۆرەکان دروستدەکەن.

لە زمانی کوردیدا، چەمکەکانی رەوشتی پیشەیی یاخود ئاکاری پیشەیی وەک هاوواتای (Professional Ethics)ی ئینگلیزیی و (اخلاقیات المهنە)ی عەرەبی بەکاردەهێنرێن ئێمە بە وەرگێڕانێکی وردیان نازانین و لەبری ئەوانە، چەمکی (رێسای پیشەیی) بە هاوواتایەکی گونجاوتر دەزانین بەکاربهێنرێت، چونکە وایدەبینین رەوشت (الاخلاق) و ئاکار (الاداب) مەرج نییە پەیوەندی راستەوخۆیان بە پیشەیەکی دیاریکراوەوە هەبێت.

لە پیشەی رۆژنامەگەریدا، دەکرێت کەسێک لەڕووی پیشەییەوە زۆر پیشەوەربێت، بەڵام مەرج نییە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە پەسەندکراو بێت و لەژێر پرسیاری تاکەکانی کۆمەڵگەدا نەبێت. ئەوکات ناکرێت زاراوەی وەک (بەڕەوشت و بێڕەوشت) بۆ هەمان کەس بەکاربهێنرێت، چونکە رێسا پیشەییەکان هێندەی پەیوەندی بە لایەنی ویژدانیی و سەروو ناوک-ی کەسەکانەوە هەیە، نیو هێندە پەیوەندی بە خوار ناوک و لایەنی زایەندی پیشەوەرانەوە نییە. هەربۆیە ئێمە لە چاپی دووەمی کتێبی ئیتیک لە رۆژنامەوانی کوردیدا کە یەکێکە لە زنجیرە چاپکراوەکانی رێکخراوی چاودێری میدیای کوردی (چمک) لە ساڵی 2020دا، وردەکاریی چەمکی ئیتیک یان ئیسیک (Ethics) و چەمکی ئاکار (Moral) و جیاوازیی بەهاکانی نێوانیان لە پەیوەندیدا لەگەڵ تیۆرەکانی راگەیاندن و ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەریدا باشتر رونکردووەتەوە. هەروەها دیارترین رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن لە سیانزە پێوەردا چڕکراونەتەوە کە بریتیین لەمانە: (پێوەری بەرپرسیارێتی، پێوەری وردبینی و راستگۆیی، پێوەری سەربەخۆیی، پێوەری ئازایی و ئازادی، پێوەری جیاکاری و بێلایەنی، پێوەری بابەتی و دەستپاکی، پێوەری هاوسەنگی، پێوەری تایبەتمەندێتی، پێوەری دادوەری، پێوەری پاراستنی نهێنی، پێوەری خۆناساندن و شیاوی زمانەوانی، پێوەری رێزگرتنی بەهاکان، پێوەری هارکارینەکردنی دەزگا سیخوڕییەکان).

هەڵبەتە پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن کۆت و بەندی سەر رۆژنامەوانان نین، وەک ئەوەی هەندێک کەس راڤە و لێکدانەوەی بۆ دەکەن، بەڵکو رستێک رێسای رێنیشاندەری پیشەیین و لەنێو کەلتورێکی کراوە و شەقامی دیموکراسیدا دەبن بەو گڵۆپە پرتەقاڵی و سەوز و سوورانەی ماشێنەکانی پیشەی میدیا و میدیاوانان رێکدەخەن و لەنێوان رۆشتن و رێگریکردندا هەماهەنگی دەکەن، بەوەش رۆڵی بەرپرسیارانەی پیشەکەیان بەبیردا دەهێننەوە. ئاشکرایە لەهیچ کۆمەڵگەیەکدا نە ئازادی رەها هەیە و نە رەهایی ئازادییەکان لە بەرژەوەندی کەسەکاندایە، لەبەرئەوە هەرکەسە و خاوەنی بەها و بەرژەوەندی تایبەتییە، ئەگەر رێکنەخرێن، ئەوا لە دەرئەنجامدا بەرژەوەندییە گشتییەکان پارێزراونابن. هەربۆیە گرنگە ئازادی و بەرپرسیارێتی لە رایکردنی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا ببن بە دوو رووی یەک دراو و رۆژنامەوانان وەکیەک بەهەندیان وەربگرن و پارێزگارییان لێبکەن.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کەلتور و میدیا

ژمارەی خوێنەر   ‌ 291‌
8/27/2023 5:24:36 PM
زیاتر...
هەندرێن شێخ راغب
فارس نەوڕۆڵی