د. شوان ئادەم ئەیڤەس
وەڵام: لە بەردەوامیی کارکردنی پیشەییدا؛ رۆژنامەوان دەتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و ھیچ رێگرییەکی ناوخۆ و دەرەوەی میدیاکەیشی نەکاتە پاساوی وازھێنان لە «پیشەی گەڕان بە دوای سەرئێشەدا»!
ساڵانە کاتێک دەیان کەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانلەدەستدەدەن، نالۆژیکیی دەبێت ئەگەر ئەو رووداوانە بکرێن بە پاساوی بەکارنەھێنانی ئوتومبێل و قەدەغەکردنی، بەڵکوو دەستنیشانکردنی ھۆکاری رووداوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گوونجاو بۆیان؛ دەبێت ببن بە بنەمای بیرکردنەوەی لۆژیکیی و پلانی سەرپێخستنی دابڕێژرێت، تاوەکوو زووتر ئەنجام بەدەستەوە بدات.
ھەڵبەتە لە میانی کارکردنی رۆژانەی خۆیدا؛ ھەموو پیشەوەرێک دووچاری سەرئێشەی کوورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەن دەبێتەوە. ھەندێکجار بە زرت و زرنگیی خۆی؛ دەتوانێت بەسەر ئاریشە و ئاست و ئاستەنگی سرووشتیی و دەستکرددا سەربکەوێت و ھەندێکجاریش دەرەقەتی بێباکیی و بێگاری ھاوپیشەکانی نایەت و لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە پیشەییەکانییشیدا، ناچارە قووربانیی بە سەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆی بدات و ژینگە و نێوەندێکی میدیایی بەجێبھێڵێت و لە نێوەند و ژینگەیەکی دیکەدا دەست بە کار بکاتەوە. ئەوەیش جۆرێک لەخۆگوونجاندن و بەرژەوەندییگەرایی لێدەخوێنرێتەوە، چوونکە شوێن و شێوازی کارکردنی دەگۆڕێت، نەک ئامانج و مەبەستی کارکردن. واتە رۆژنامەوان؛ ئامانجەکانی دەکاتە پاساوی گرتنەبەری ھەر رێگە و ئامڕازێکی رەوا و ناڕەوا، بەوەیش تاڕادەیەکی زۆر ئاڕاستەی کارکردنی پیشەیی خۆی دیارییدەکات!
لەو سۆنگەیەوە ئێستا بێباکیی خاوەن و بەڕێوبەر و بڕیارسازانی میدیایی لەھەمبەر ھیلاکیی و شەونخوونیی ھەندێک رۆژنامەوان و سووکایەتیی و بێگارییکردن پێیان؛ دۆخێکی بێزارکەری وەھای لە ھەرێمی کوردستانی عێراقدا درووستکردووە کە تەنانەت خۆشیی و خەونی مووچەی زۆر و دیاریی گرانبەھا و گەشت و گەڕانی بێبەرامبەری ھەندێک دەزگەی میدیایی زەبەلاحیش نەبووەتە پاڵنەری مانەوە و بەردەوامیی کارکردنی رۆژنامەوان لە کەرت و کایەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا!
رۆژنامەوانان بە گشتیی و کچان بەتایبەتی؛ پشکی شێری ئەو پیشەوەرانە پێکدەھێنن کە پەیتا پەیتا لە کارکردنی رۆژنامەگەریی دەکشێنەوە، بەتایبەت پاشئەوەی دەبن بە خێزان و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی منداڵ و ماڵ دەکەوێتەسەر شانیان. ھاوکات کەمیی مووچە و زۆریی ژمارەی کاتژمێرەکانی کارکردن و قەرەبۆنەکردنەوەی کاتژمێری زیادەی کارکردن لە ئاھەنگ و بۆنە ئایینیی و نەتەوەییەکان لەگەڵ بیرازکردن، گێچەڵپێکردن، دەستدرێژیی سێکسی، جیاکاریی جێندەریی و نەرەخساندنی زەمینەی کێبەرکێی پیشەیی و کارکردنی ھاوبەش؛ چەند پاڵنەرێکی دیکەی دوورکەوتنەوە یاخوود گۆڕینی رۆڵی رۆژنامەوانە لە پەیامنێر_ەوە بۆ بێژەر و پێشکەشکار و لەوێشەوە بۆ پەرلەمانتار یاخوود لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی لە حزب و حکوومەت_دا!
لەلایەکی دیکەوە گرێبەستی کارکردن؛ ئەگەر بەشێوەیەکی ھاوسەنگ و روون و رەوان بڕگە و مادەکانی داڕێژرابێت و لە بەرژەوەندیی مادیی و مەعنەویی ھەردوو لایەنی گرێبەستەکەدا بێت، دەکرێت رێژەیەکی زیاتر لە ئاسوودەیی پیشەیی و لەباریی ژینگەی کارکردن دەستەبەر بکات و بەھۆیەوە رۆژنامەوان درێژە بە مانەوە و بەردەوامیی بدات، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری گرێبەستەکان تاکلایانانە داڕێژراون و بەھا و بایەخی ھێزی مرۆیی رۆژنامەوان لەبەرچاو نەگیراون، ئەوەیش وایکردووە ئێستا بە گرووپ واز لە دەزگەکانیان بھێنن و چیدیکە رێگە بە سووکایەتییپێکردن و بێبەھا سەیرکردنی ئەرک و مافەکانیان نەدرێت.
................................................
*گۆشەیەکی رەخنەیی تایبەت بە پرسە میدیاییەکانە؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا و سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەینووسێت و لەلایەن رۆژنامەی کوردستانی نوێ_ەوە رۆژانی یەکشەممە و سێشەممە چاپدەکرێت.