وتار

گەنجان بەرن بۆ گوندەکان نەک هۆتێلەکان !

ئاسۆ عەبدوللەتیف

وەهمی سەرچاوە مرۆییەکان و ڕاهێنانی مرۆیی.

دەبێت گەنج دەست بگرێت بە کۆڵەگەی فەرهەنگی پیشەگەری کۆنی کوردەوارییەوە، بگەڕێتەوە بۆ پیشەو کاری دەست و بازوو، شەرمی ناوێ ئەو ڕابردوە بسڕیتەوە، ئەوروپیەک ئامێرە دەستیە هەرە کۆنەکەی باپیرانی هەڵگرتوە تا وەک شانازیی و لۆگۆی کۆمپانیاکەی پیشانی بدات و براندەکەی زیاتر بناسێنێ بەخەڵک، ئێمەش خەریکی کوشتنی وزەی گەنجانین بە ۆرک شۆپ و وەهمی سەرچاوە مرۆییەکان و ڕاهێنانی خێزانیی و پرسیاری چۆن دەبیتە سەرکردەو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو،کە هەرگیز بەو ڕێگەیە نایگەیتێ.

کوردەواریی جاران یەکپارچە ئاسنگەریی و دارتاشیی و قەڵەمزەنی و پینەچێتی و درومانی بەرز بووە، خۆشەکردنی پێستەو خوری بزن و شەک و مەڕو وڵاخە بەرزە بازاڕی گەرم بووە، چنین و ڕستن و تەونسازی باڵا بەدەست کیژۆڵەو ژنی قامەت بەرزو لادێ نشینەوە، وریژەی هاتوەو خاوەن ئیرادەو فەزڵ و حیکمەت و ژیریی بوون هاوشانی پیاوان، کۆپاندرو، زینپۆشی، میسگەری و هەلاجی، ئاشەوان و ناڵبەنی و دانسازیی، هاوشانی مازوو چنین و گەزۆخۆشکردن و حەسیرسازیی و شاڵ و مەرەزەو کڵاشچنی و فەرەنجی و کوڵەباڵ و تەشی ڕێسی تابلۆی جوانی جاران بووە، دروستکردنی قاڵی و چیخ، مەوج، بەڕە، جاجیم و دەوارچنی، ئیشی گڵدەستی و سواق و خشت و سیرامیک و گۆزەو دیزە، هەموو ئەوانە پیشەوەری کۆنی کوردەواری بوون و ئێستا کورد ناوەکانیشی نازانێت و شەرمی لێدەکات و بەرەو هۆتێلەکان و دنیای پاوەرپۆینت و پرێزنتەیشن دەڕوات بێ ئەوەی بزانێ چییەو بۆ ئاوا بەنگ و بێ هۆش کراوە.

لەبەرامبەر ئەو سامانە فەرهەنگییە پیشەییە کەلەپورە جوانەمان هەموو سەرگەرمکراون بە فێربوونی شتێکەوە کە فێری نابن، خەریکی لاپتۆپ و کۆمپیوتەرو پۆزی زانستین، سناپ و سێڵفی بێگیان و بەشداری لە دەوراتەکان بۆ سەرکردایەتی وەهمی و بیزنسی خۆت و قسەی پڕوپووچ و سەرچاوە مرۆییەکان و تیمۆڕک بۆ ڕاهێنانی بێماناو بێ بەرهەمی ڤیستیڤاڵەکان و سیمینارو تیدێکس و پانێڵسازیی و سۆفت سکیڵ لە ئوتێلە گرانبەهاکاندا، بەپارەی بەهەدەردراو بێ ئەوەی دەستکەوتی هەبێ بۆ ئابوری ئەم وڵاتەو پێگەیاندنی گەنجان.

دەوڵەت و میللەتی ژیری وەک چین و ئەوروپا ئەو دۆخە سڕڕو بەنجکراوەیان تێپەڕاند و ئێستا ساڵانە ملیارەها دۆلار قازانج دەکەن بە پیشەو پیشەسازیی کۆنی دروستکردنی قایش و قۆنەرەو جل و بەرگی خوری گرانبەهاو بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی ئێمەش خەریکی سەرچاوە مرۆییەکان و فەلسەفەی وشکین لەلایەن ڕاهێنەرەکانی بەڕێوەبردن و  هێزی ئێن ئێڵ پی و HR.

ئێمە هێشتا شەرم دەکەین باوان و باپیرانمان تیغ و تەورزێن و سوژن و دەرزی و ناڵێکیان بەدەستەوە گرتوە بۆ کاسپی حەڵاڵ، کەچی دەوڵەتی هۆشیارو گەلی خاوەن بەها، بیزنسی گەورەی پێوە دەکەن بۆ وڵاتەکەیان و یەک جووت قۆنەرەی براندی پێ دەخەنە بازاڕ بە هەزار دۆلار، تۆش هەر بڵێ چۆن مارکێتینگ بکەم و ببمە لیدەرو ترەینەر.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 158‌
8/23/2023 2:05:25 PM
زیاتر...
هەندرێن شێخ راغب
فارس نەوڕۆڵی