وتار

كۆمەڵگەی شتە بچوكەكان

زانكۆ سەردار

كۆمەڵگەی شتە بچوكەكان، هەمیشە ئەو كۆمەڵگە دواكەوتووە، كات كوژانەن، كە نە دەزانن چییان دەوێت و نە دەزانن دەبێت چی بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵگەیەكن پڕ بە دڵی بەڕێوەبەرانیان ژیان دەكەن، وەك ئەوەی ئەمڕۆی كۆمەڵگەی ئێمەی تێكەوتووە.

ئەگەر سەرنجێكی كورت و خێرا بخەینە سەر ژیان لەم كۆمەڵگەیەی باشوری كوردستاندا (هەڵبەت باشوری كوردستان لەئاست پارچەكانی دیكەدا كۆمەڵگەیەكی تاڕادەیەك سەربەخۆ و خاوەنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنە، ئەگەر چی ئەنجامەكەی هەرچۆنێك بێت)، ئەوا دەبینین ژیان بە چ ڕێڕەوێكی خراپدا تێپەڕ دەكات، بۆ نمونە ئەو كاتەی مامۆستایەكی وانەبێژ لەپێناو داوایەكی رەوای خۆیدا دەچێتە سەر شەقام و لەلایەن هێزی ئەمنییەوە دەستگیر دەكرێت، لە هەمان تەوقیتدا هونەرمەندێك بەرەو دادگا ڕاپێچدەكرێت (هەڵبەت مەبەستم هۆكاری رێپێچكردنەكەیە)، دەبینین كەسانێك بە دەم هوتافكێشانەوە دەچنە بەردەم دادگا، بەڵام ئەوە بۆ مامۆستاكە دەست نایات و دەكاتە ئەوەی تەنانەت هاوپیشەكانی مامۆستاكە واز لە دەنگ بەرزكردنەوەی خۆیان لە پێناو قوتی ژیانی ماڵ و منداڵیان هەڵبگرن بە بیانوی تێكنەچوونی ئارامی.

یاخود، هێزێكی گەورەی خاوەن بڕیاری وەك ئەمەریكا هۆشداری دەداتە هەرێمەكەی ئەو خەڵكە و دەڵێت (ئەگەر چاكسازییی لە وەزارەتی پێشمەرگە نەكرێت هاوكارییەكانمان ڕادەگرین)، دیارە وەزارەتی پێشمەرگە یەكێكە لە وەزارەتە گرنگەكانی حكومەت، یاخود لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت دا دەبینین ئازاری كۆرپەیەكی تازە لە دایكبوو لە لایەن دوو خانمی پەرستارەوە دەدرێت، كەچی بەشێك لە خەڵكەكەی ئەم كۆمەڵگەیە سەرقاڵی قسەكردنن لەسەر ئەوەی مامۆستایەكی ئاینی كاندیدە لە حزبێكی عەلمانیدا.

بەناوی رۆشنبیرییەوە، دنیایەك سوكایەتی بە كایەی رۆشنبیری دەكرێت، نوسەرێك دەیكاتە هەڵا و دەڵێت كتێبەكانم دەسوتێنم، لەبەرامبەردا و بەهۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆر لە خەڵكەكە متمانەی بەرامبەر هەموو شتێك لە دەستداوە هەریەكەو بەجۆرێك لە خەیاڵدانی خۆیدا چیرۆكێكی بۆ دادەڕێژێت، ئێ‌ بەڕاستی من ناهەقی ئەو خەڵكەش بە (خۆشمەوە) ناگرم كاتێك متمانەمان بە هیچ شتێك نەماوە، لەبەر ئەوەی رۆژانە بە دەیان پرسی گرنگ و بابەتی هەستیار دەكەوین كە لە كۆتاییەكەیدا ئامانجێكی دیكە لە پشت پرس و بابەتەكاندا خۆی قوت دەكاتەوە.

چی بكرێت تاوەكو لە كۆمەڵگەی شتە بچوكەكان ڕزگارمان بێت، ئەم پرسیارە وەڵامی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بەبڕوای بەندە وە ئەوەی كە هەمیشە ووتومە بۆ یوكوم هەنگاو پێویستمان بە (شۆڕێكی كۆمەڵایەتی) هەیە، چونكە هەتاوەكو كۆمەڵگە لە بنەڕەتەوە هەڵنەتەكێنرێت و ئاستی تێگەیشتنی كۆمەڵگە بەرامبەر ژیان و چۆنییەتی ژیانكردن نەگۆڕین ناتوانین ببینە كۆمەڵگەیەكی گەورە، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لانی كەم بەشەرمەوە لەبەرامبەر نەوەكانی داهاتوودا نەوەستین.

ئەم كۆمەڵگەیەی ئێستا كە لە باشوری كوردستانە، بەبێ‌ بارگكراوندێكی رۆشنبیری بەر زۆرینەی شتەكان كەوت، بۆیە نە دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دنیای ناوخۆیدا بكات، وە نەدەتوانێت لەگەڵ هەنگاوە خێراكانی پێشەكەوتنەكاندا هەنگاو بنێت، هەركاتێك كۆمەڵگە توانی لە دەستگیركردنی مامۆستایەك تێبگات، هەر كات كۆمەڵگە توانی لەوە تێ‌ بگات كە نابێت و هێڵی سورە شكۆی مامۆستا بشكێنرێت، ئەو كاتە دەكرێت بڵێن كۆمەڵگە هەنگاوی یەكەمی بۆ چۆنێتی ژیانكردن بڕیوە.
ژمارەی خوێنەر   ‌ 286‌
8/20/2023 6:58:42 PM
زیاتر...
هەندرێن شێخ راغب
فارس نەوڕۆڵی