وتار

ئایا زیرەکیی دەستکرد چ کاریگەرییەکی لەسەر پێشێلکردنی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن ھەیە و دەبێت؟

د. شوان ئادەم ئەیڤەس

وەڵام: ژیریی دەستکرد یاخوود زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence_AI)؛ دوایین بەرھەمی سەدەی زانیارییەکان و یەکەم وێستگەی نامۆکردنی مرۆڤی ھەزارەی سێھەمە، بە دەستکەوتە زانستییەکانی خۆی. سەدەیەک کە مرۆڤی دەستکرد (robotic)؛ شوێن بە مرۆڤی سرووشتیی و پیشەکانی و پێوەرەکانی پیشەگەرێتییش لێژ دەکات و زیندوویی لە بەرھەمەکانی دەستێنێتەوە و لەرووی پیشەییشەوە بێبەھایان دەکات. بەجۆرێک ئیش بەڕێکردن بە کەمترین کات و کەرەستە و خەرجیی و راپەڕاندنی زووتر و زۆرترین بەرھەمی بێڕۆح؛ دەبێتە ناسنامەی ناسینەوەی دوایین قۆناغی گەشەسەندنی ژیریی دەستکردی مرۆڤ. «ژیری»یەک؛ زۆری نەماوە ببێت بە ھەڕەشە لەسەر مانەوە و بەردەوامیی ژینگەی پیشەیی و ژیانی تایبەتیی کەسەکان!
سەرچاوە زانستییەکان ئاماژە بە کاریگەریی ئەرێنیی و نەرێنیی و چییەتی زیرەکیی دەستکرد دەکەن کە «ئامێرەکان بتوانن لە ئەزموونەوە فێربن و خۆیان لەگەڵ زانیارییە نوێیەکاندا بگونجێنن و ئەرکی هاوشێوەی مرۆڤ ئەنجام بدەن.

زۆربەی نموونەکانی زیرەکیی دەستکرد کە ئەمڕۆ دەیبیستیت – لە کۆمپیوتەرەکانی یاری شەترەنجەوە تا ئۆتۆمبێلی خوودکار – زۆرتر پشت بە فێربوونی قووڵ و پرۆسێسی زمانی سروشتیی دەبەستن. بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانەیش دەتوانرێت کۆمپیوتەرەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە تایبەتەکان بە پرۆسێسکردنی بڕێکی زۆر لە داتا و ناسینەوەی نەخشەکانی ناو داتاکان ڕابهێنرێن.» (www.SAS.com)

لەو روانگەیەوە؛ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان و پرۆگرامکردنیان لەنێو کۆمپیوتەرەکاندا، خاڵی گەوھەریی و ناسێنەرەوەی رۆبۆت_ەکانە کە لە ئەمڕۆدا لە زۆر کەرت و کایەی گشتیی و تایبەتییدا خراونەتەگەڕ. راگەیاندن و رۆژنامەگەری؛ یەکێکن لەو پیشە گرنگ و کاریگەرانەی کە لەم رۆژگارەدا ژیریی و زیرەکیی دەستکرد خەریکە ھێز و ھەژموونی خۆی بەسەریاندا دەسەپێنێت و پێشبینییدەکرێت لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەم پیشەیەش بەھۆی ژیریی دەستکرد و رۆبۆت_ەکانەوە رۆڵی رۆژنامەوان لە داڕێژەریی ھەواڵ، بێژەریی، پێشکەشکاریی، وێنەگریی، مۆنتێریی و ...تد لەدەستبدات و بۆ ھەمیشە بێکار بمێنێتەوە. بێکارییەک کە ئەگەری ئەوەی ھەیە «پیشەی گەڕان بەدوای سەرئێشەدا» بکات بە سەرئێشە بۆ تەواوی ئەو پیشانەی چانسی مانەوە و بەردەوامییان دەبێت!

لەو نێوەندەشدا کە بەرھەمھێنەر و بەکارھێنەری میدیایی ئالوودەی بەکارخستنی زیرەکیی دەستکرد بوون؛ دەشێت لە چەند روویەکەوە بکەونە ژێر کاریگەرییەکانی و بەھۆیەوە رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و پێوەرەکانیشی رووبەڕووی پێشێلکاریی ببنەوە. بەتایبەت لەکاتی رووماڵکردنی رووداوەکان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان و داڕشتنەوە و رێکخستنەوە و ریزبەندییکردنیان و دواتریش لەکاتی چاپ و پەخش و بڵاوکردنەوەیاندا.

بەرپرسیارێتی، وردبینیی و راستگۆیی، سەربەخۆیی، ئازایی و ئازادی، جیاکاریی و بێلایەنی، بابەتیی و دەستپاکی، ھاوسەنگی، تایبەتمەندێتی، دادوەریی، پاراستنی نھێنی، خۆناساندن و شیاوی زمانەوانی، رێزگرتنی بەھاکان و ھارکاریینەکردنی دەزگا سیخووڕییەکان؛ لە دیارترین ئەو پێوەرانەی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن_ن کە لە کاتی سەرپێخستنی زیرەکیی دەستکرد و کاراکردنییدا، ئەگەری پێشلکردنیان زۆرتر دەبێت، چوونکە مرۆڤی دەستکرد کە خاوەنەکەی بیرکردنەوە و گووفتار و رەفتاری ھەڵە و تاوانکاریی ئەنجامبدات، بەدڵنیاییەوە دەشتوانێت بەمەبەست داتاکانی بە ئاڕاستەی پێشێلکردنی پێوەرەکان لە رۆبۆتەکاندا پڕۆگرام بکات. لە دەرئەنجامدا و لە سایەی خراپبەکارھێنانی زیرەکیی و ژیریی دەستکردی مرۆڤیشەوە؛ دەشێت رۆژنامەوان کەمتەرخەمتربێت یاخوود زیندووێتیی و وردیی پیشەیی لە دەستبدات و بەرھەمەکانیشی نالۆژیکییتر بن و ژیریی زۆرتریش لە پێشێلکردنی پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانییدا بخاتەگەڕ کە ئەوەیش دەبێت بە یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیرەکیی دەستکرد!
................................................
*گۆشەیەکی رەخنەیی تایبەت بە پرسە میدیاییەکانە؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا و سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەینووسێت و لەلایەن رۆژنامەی کوردستانی نوێ_ەوە رۆژانی یەکشەممە و سێشەممە چاپدەکرێت.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 248‌
8/13/2023 5:44:33 PM
زیاتر...
هەندرێن شێخ راغب
فارس نەوڕۆڵی