د. شوان ئادەم ئەیڤەس
بەدڵنیاییەوە؛ جۆر و ئاست و رێژەی کاریگەرییەکان دەبێت لەچوارچێوەی پلان و ئامانجی توێژینەوەی زانستییدا ئەنجامگیریی بکرێن، بەڵام بە چاودێرییکردنی بەردەوام ئەوە ساغبووەتەوە کە دراما دۆبلاژکراوە کوردییەکان کاردانەوە و کاریگەریی ئەرێنیی و نەرێنییان لەسەر بیرکردنەوە و گووفتار و رەفتاری بینەران ھەبووە و دەبێت کە ھەندێکجار بوون و دەبن بە ماکی گۆڕانکاریی گەورە لە ژیانی تاکەکاندا.
ئاستی ئەو کاردانەوە و کاریگەرییانەیش لەسەر بینەرانی تەلەڤزیۆنە ناوچەیی و ئاسمانییەکان؛ دەکەوێتەسەر گوونجاویی و نەگوونجاویی زمان و ناوەڕۆکی دراماکان و کات و شوێنی پەخشکردنیان. چیرۆک و گرێچنی ھەندێک درامای بیانیی ھێند لە کولتوور و کەلەپووری کوردییەوە نزیکن؛ زۆر بە ئاسانیی کارەکتەر و گفتوگۆکانی نێوانیان دەبنە ویردی سەر زاری بینەران، جا لە ھەر ئاست و پلە و پێگەیەکی زانستیی و ھۆشیارییدابن، چوونکە سیناریۆی دراماکە و نواندنی کارەکتەرەکانی پێداویستییە زەینیی و رۆحییەکانیان تێردەکات و چێژی ھوونەریی و دەروونیی لێدەبینین. بۆنموونە؛ جەیران، شەھرەزاد، ستایش و ئاغاماشەڵا؛ لە دیارترین دراما دۆبلاژکراوە کوردییەکانی دەیەی رابردوون کە ھەریەکەیان کاریگەریی ئەرێنیی لە یادەوەری بینەردا بەجێھێشتووە.
بەپێچەوانەیشەوە؛ ھەندێک درامای تورکیی و عەرەبیی دیکە ھەن کە بە کوردیی دۆبلاژکراون، جگە لە ھەڵەی وەرگێڕان و شێواندنی یاساکانی زمان، لێوان لێون لە سیناریۆ و ناوەڕۆکی نەشیاو و نەگوونجاو بە واقیع و کولتوور و ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی. بێریڤان و لێم ببوورە؛ دوو دیارترین درامای توورکیین کە ھەم ژمارەی ئەڵقەکانیان زۆر بوون، ھەم کاردانەوە و کاریگەریی نەرێنیی زۆریان لەسەر بینەران بە گشتیی و رەگەزی مێیینە و توێژی منداڵ و ھەرزەکار و گەنجان بەتایبەت لەرووی پەروەردەیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە بەجێھێشتووە. کاردانەوە و کاریگەریی ئەو جۆرە درامایانەش؛ بەجۆرێک بووە کە ھەندێک ئەڵقەیان بوون بە ھۆکارێک بۆ تیرۆرایزی کەسایەتی تاکی کوردیی و پیشاندانی وەک ناحاڵیی و کەللەرەق، ھاوکات ھۆکارێکیش بۆ رێکنەکەوتن و لێکجیابوونەوەی ھاوسەران و پچڕانی شیرازەی خێزان و پەرتەوازەبوونی ئەندامەکانی لەیەکتری!
بەدڵنیاییەوە؛ نەبوونی رێژەی پێویستی درامای کوردیی و زۆریی تێچوون و دەگمەنیی سیناریۆی بەھێز وایکردووە تەلەڤزیۆنە کوردییەکان زۆرجار پەنا بۆ دۆبلاژکردنی دراما بیانییەکان بەرن، بەڵام بەھۆی نەبوونی دەرگاوانی میدیایی و فلتەرنەکردنی ئەو درامایانەی کە دژ و پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی کولتووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئایینیی کۆمەڵگەی کوردیین، زۆرجار دۆبلاژە کوردییەکەیان کاردانەوە و کاریگەریی نەرێنیی زۆرتریان لەسەر وەرگری کورد ھەبێت.
ھاوشێوەی کات؛ میدیا شمشێرێکی دووسەرەیە کە دەکرێت ھەم بۆ بەرگرییکردن لە تایبەتمەندییەکانی ناسنامە و کوولتوور و کەلەپووری نەتەوەیەک بخرێتەگەڕ، ھەم بۆ دژایەتییکردنیشی. گەردەلوول؛ یەکێکە لەو دراما خۆماڵییانەی کە توانیوویەتی خەبات و قووربانییدانی نەوەی شاخ وەک کولتوورێکی بەرزی بەرخوودان بۆ نەوەی نوێ بگوێزێتەوە و بەرگریی لە قۆناغێکی دیاری مێژووی کورد لە کوردستانی عێراق بکات. بەپێچەوانەیشەوە؛ دەیان درامای توورکی، عەرەبیی و فارسیی ھەن کە لەچوارچێوەی ھەژموونی کوولتوورییدا لەلایەن وڵاتانی کوردستان بەسەردا دابەشکراودا، بە بەرنامە و بە ئامانجی لێدان لە خەباتی پارچەیەکی کوردستان بەرھەمدەھێنرێن و زۆرجاریش لەرێگەی میدیای دەستەمۆکراوی کوردییەوە دۆبلاژدەکرێن و دەرخواردی بینەری کوردزمان دەدرێن. بەشێک لە ھۆکاری ئەو دەستەمۆیی و پاشاگەردانییەیش؛ بۆ نەبوونی ستراتیژ و سیاسەتی کولتووریی و میدیایی دەگەڕێتەوە کە ئێستا «ئۆخەی ئۆخەی؛ ھەرکەس بۆ خۆی» بووە بە ناسنامەی ناسینەوەی ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستانی عێراق و بەدەگمەن نەبێت، کەس خۆی لێ ناکات بە خاوەن!
بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییە نەرێنیەکان؛ گرنگە لەھەر کۆمپانیایەکی بەرھەمھێنانی میدیایی یاخوود لەھەر تەلەڤزیۆنێکدا دەستەیەکی راوێژکاریی کارابکرێت، تاوەکوو دراماکان لە رووی کوولتووریی، پەروەردەیی، دەروونیی، میدیایی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئایینییشەوە ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و پاشتر پەرچفە و دۆبلاژ و پەخش بکرێن. بەدەر لەوەیش؛ دەکرێت لەبری زیادکردنی میدیای ھەواڵیی بۆ کەس و لایەنێکی پارەداری دیاریکراو، بیر لە کاراکردنی میدیای کولتووریی بکرێتەوە و لە رێگەیەوە کار لەسەر بەرھەمھێنانی فلم و دراما و ھوونەری ئامانجداری رەسەنی کوردیی بکرێتەوە، چوونکە ھێشتا بینەری بەسەلیقە وێڵی بەرھەمی بەھێز و بەپێزە. کەواتە ھاوکێشەکە زۆر سادەیە؛ تاوەکوو ھوونەری خۆماڵیی رەسەن و بەپێز ھەبێت، بینەر ناچارنابێت بەدوای ھوونەری بیانیی ناڕەسەندا بگەڕێت و بەھۆیەوە «میزاجی کوردەواریی» تێکبچێت!
................................................
*گۆشەیەکی رەخنەیی تایبەت بە پرسە میدیاییەکانە؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە خوێندنی کەمیونیکەیشن، کولتوور و میدیا و سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەینووسێت و لەلایەن رۆژنامەی کوردستانی نوێ_ەوە رۆژانی یەکشەممە و سێشەممە چاپدەکرێت.