زانكۆ سەردار
لە ڕێگەی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە كوێبیستی چەند ووتەیەكی وەبەرهێنەری ناسراو (مەلا یاسن) خاوەنی كۆمپانیای بەڕێز بووم كە كۆمپانیایەكەی خاوەنی چەندین یەكەی نیشتەجێبوونە، جگە لەوەی بەڕێزیان وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیشە، بێگومان كەسێك لەو بەرپرسیارێتییەدابێت و وەبەرهێنەریش بێت زۆر بە باشی ئاگاداری وورد و درشتی دۆخی وەبەرهێنان و كوالێتی و نرخی تێچوونی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونە، بۆیە پێویستە ووتەكانی بەهەند وەرگیرێت و كۆی حكومەت بە گشتی و داواكاری گشتی و كۆمەڵەی كرێنشینان بەتایبەت بێنە سەر خەت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشدار بووانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و تەواوی ئەو هاوڵاتیانەشی كە خاوەنی بستێك زەوی نین دەنگیان هەبێت.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا ئەو بەڕێزە باسی لەم چەند خاڵە كرد (دیارە رۆژنامەنوسانیشی بێئاگا ناساند بەهۆی بێدەنگییانەوە).
*بۆ مێژوو ئەم قسەیەم هەڵبگرن، وەك و حكومەت وەكو كەرتی تایبەت ئەم سیاسەتەی ئێستا پەیڕەوەی بكەین بەرامبەر سێكتەری نیشتەجێوون، ئەوا تاوەكو ساڵی 2030 رێژەی 50% هەموو دانیشتوانی كوردستان دەچێتە ناو ئەو سیتییانەوە، 50%ی دیكەش ئەوانەن كە هیچ توانایان نییە بچنە ناو سیتییەكانەوە.
*وەك وەبەرهێنەرێك گلەیی لە خۆم دەكەم لە پێشدا، پاشان لە وەبەرهێنەرەكانی هاوڕێم، ئێمە شتێكی سەیرمان كردوە كە تەنانەت میدیاش باسی ناكات، نازانم بۆ باسی ناكات؟ ئەویش ئەوەیە ئەو خەڵكانەی لەم سیتییانەدان هیچیان خانوی خۆیان نییە و هەموویان كرێچی ئێمەن.
*بەناوی پاككردنەوە و باخ و باخچەوە 100 هەزار یان لێوەردەگیرین، ئەو كارەبای 24 سەعاتییەی دەیدەینێ نرخەكەی خۆی 200 هەزارە ئێمە 400 هەزاریان لێوەرەگرین، خوا دەزانێت و ئاگادارە ماڵ هەیە لە سیتییەكاندا مانگی ملیۆنێك و ملیۆن و نیوێك پارە دەدات.
*بەس با بەجوانی بیر بكەینەوە، ئەرێ ئەمە خانوی خۆیەتی یان كرێچی ییە؟ لێم بپرسە؟ ئامانە هەمووی ئیستیغلال كردنە، ئێمە لە كوردستاندا نەعوزوبیلا خواناناسین بۆ ئیستیغلال كردنی خەڵك، ئەوەنە جوان خەڵك ئیستیغلال ئەكەین.
*وەبەرهێنەر هەیە 200 هەزار یەكەی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ شتێك بكات مانگانە 2 هەزار 100 هەزار دیناری بۆیەتە ژوورەوە كە 25 تاوەكو 30 هەزاری سەرف ئەكات، پرۆژەكە ئێمە جێبەجێی ئەكەین، قازانجێكی زەبەلاحی لێ ئەخۆین، لەو لاشەوە بۆ ئیدارەدان و ئیدامە دان و بەناوی پاككردنەوە و نازانم چی و چییەوە ئێمە پارە وەرئەگرین لە خەڵك.
دیارە ئەوەی خوێندتانەوە قسەی مەلا یاسین بوو، ئەو پیاوەی كە لەسەرەوە ئاماژەم بە كار و لێپرسراوێتی كرد، جا لێرەدا پێویستە دار وبەردی ئەم مەملەكەتە بێتە قسە، وەبەرهێنەران لەسەر زەوی خۆمان وەبەرهێنان دەكەن و دواتریش وەك كاك مەلا باسی دەكات ئەوانەمان كە توانایان هەیە دەبنەوە كرێچی وەبەرهێنەران، ئەوانەشمان كە توانایان نییە ناتوانین بگەینە ئەو ئاستەی كە كرێچێتی ئەوانمان پێ ڕەوا ببینن.
ئەو ماڵوێرانییەی مەلا یاسن باسی دەكات، دەرئەنجامی ئەو بێدەنگییەیە كە چەندین ساڵە هاواری بۆ دەكەین و دەڵێن بێدەنگی ئەم مەملەكەتەی خنكاندوە، ئەو ووتانەی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە بكرایە خەڵكی دەهێنایە سەر شەقامەكان، ئاخر زۆر گرنگە وەبەرهێنەرێك بەبێ هیچ زۆر لێكردنێك و بە بێ ئەوەی لە ژێر فشاری لێكۆڵینەوەدا بێت، خۆی و بە خواستی خۆی دان بە بێ ویژدانی پرۆسەی وەبەرهێناندا بنێت.
بۆیە چیتر پێویستە، حكومەتی هەرێم، داواكاری گشتی، كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بێنە قسە و خاوەنی دەنگی خۆیان بن، چونكە لەگەڵ بوونی ئەو هەموو یەكەی نیشتەجێبوونەی كە ئەوە دۆخەكەیەتی، هێشتا خانوویەك نییە بۆ كرێچییەك كە شایستەی ژیان بێت و دەستی بكەوێت.